مێسی جارێکی دیکە لە کارتی سوور رزگاری بوو

رووداو - هەولێر

جارێکی دیکە دیمەنێکی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی مشتومڕی هێنایەوە و جارێکی دیکە دەنگۆی ئەوە بەرزبووەوە کە ناوبژیوان چاوپۆشی لە هەڵەیەکی مێسی کردووە کە شایەنی کارتی سوور بوو.

یانەی بارسێلۆنا لە گەڕی 31ـی لالیگادا لەسەر یاریگەی کامپ نودا میوانداری یانەی ئاتلێتیک بیلباوی کرد و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لێیبردەوە، کە لە خولەکی 69دا مێسی زۆر بە تووندی لە ئالڤارێزی بەرگریکاری ئاتلێتیک بیلباوی دا، بەڵام ناوبژیوان چاوپۆشی لێکرد و تەنانەت کارتی زەردیشی پێنەدا، کە لە یاری گەڕی پێشووتریشدا مێسی لە دیمەنێکدا لەگەڵ دیێگۆ کۆستای یاریزانی سێڤییا دەمەقالێی کرد و لێیدا و یاریزانەکە کەوتە سەر زەوی، بەڵام ئەوکاتیش ناوبژیوان چاوپۆشی لێکرد.

لەدوای یارییەکە زۆر لە شرۆڤەکار و چاوێران رایانگەیاند کە مێسی شایەنی کارتی سوور بوو، بەڵام وەک ئەوان دەڵێن ناوبژیوانان مێسی دەپارێزن و چاو لە هەڵەکانی دادەپۆشن.

مێسی بەوە ناسراوە کە لەنێو یاریگەدا لەسەرخۆیە و رێز لە یاریازانانی تیپی بەرامبەر و ناوبژیوانانیش دەگرێت، هەر بۆیەش بە درێژایی کاروانی وەرزشی خۆی لەگەڵ بارسێلۆنا هیچ کارتێکی سووری وەرنەگرتووە، لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتینیش تەنیا دوو کارتی سووری وەرگرتووە، بەڵام زۆر لە چاودێران دەڵێن مێسی شایەنی هیچ یەکێک لەو دوو کارتە سوورە نەبووە و بە ناحەقی بە روویدا بەرزکراونەتەوە.