ئەمڕۆ خولی ئێران دەستپێدەکاتەوە و مەجیدی بەرامبەر نیکۆنام دەوەستێتەوە

رووداو-هەولێر

دوای 118 رۆژ، ئەمڕۆ یارییەکانی خولی یانە نایابەکانی ئێران دەستێدەکاتەوە و یەک یاری بەڕێوەدەچێت.

دوای ئەوەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا یارییەکانی تۆپی پێ لە ئێران دواخران، ئەمڕۆ بە یاری نێوان هەردوو یانەی ئیستقلال و فوولاد خوزستان، رکابەریەکانی گەری 21ـی خولەکە تەواودەبن، چونکە لەو گەڕەدا تەنیا ئەم یارییە مابوو کە بڕیاری دواخرانی درا.

یارییەکە لە کاژێر 19:30 لە شاری ئەهواز و یاریگەی غەدیر دەکرێت، یانەی ئیستقلالی تاران کە سێ یاریزانی کورد یاری بۆ دەکەن و لە سەرووی هەمووشیانەوە وریا غەفووریی کاپتن، ئەوان لەپلەی چوارەمی ریزبەندییەکەیە بە کۆکردنەوەی 36 خاڵ، یانەی فوولادیش پلەی شەشەمی گرتووە و سێ خاڵ لەدوای ئیستقلالە، هەرچی پلەی یەکەمی خولەکەش بەدەست یانەی پێرسپۆلیسەوەیە بە 47 خاڵ.

فەرهاد مەجیدی، راهێنەرایەتی یانەی ئیستقلال دەکات، لە بەرامبەریشدا جەواد نیکۆنامی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئێران راهێنەری یانەی فوولادە.

لەم یارییەدا هاندەران بۆیان نییە بچنە نێو یاریگەوە، ئەمەش وەک خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام دەنگی دروستکراوی هاندەران لە سیستەمی دەنگیی یاریگەکە داندراوە.