ئیتیحاد دەیەوێت سەڵاح بە گرێبەستێکی مێژوویی بباتە سعودیە


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئیتیحادی سعودی لەسەر هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی میسری و یانەی لیڤەرپوول بەردەوامە و بە گرێبەستێکی مێژوویی، دەیەوێت ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی سعودیە، یانەکە هەوڵەکانی درێژەپێدەدات بۆ ئەوەی یاریزانەکە لە گواستنەوەی هاوینەدا لە ئینگلتەراوە بباتە سعودیە.
 
بەپێی دوایین پێشهاتەکان، یانەی ئیتیحاد ئامادەیە، محەممەد سەڵاح، بکاتە خاوەنی بەرزترین مووچە لە خولی سعودیدا، لە دوای کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی نەسڕ، کە 201 ملیۆن یۆرۆ مووچەی یاریزانەکەیە.
 
لە ئەگەری چوونی محەممەد سەڵاح بۆ یانەی ئیتیحاد، یاریزانەکە لەرووی مووچەوە پێش هەریەکە لە نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی یانەی هیلال و کەریم بنزیما، ئەستێرەی یانەی ئیتیحاد دەکەوێت.
 
لە گواستنەوەی هاوینی رابردوودا، یانە سعودییەکە زۆر هەوڵی گواستنەوەی یاریزانەکەی دەدا، بەڵام لیڤەرپوول رازی نەبوو بە دەستبەرداربوون لە محەممەد سەڵاح، بۆ ئەم هاوینە جارێکی دیکەی ئیتیحاد دەیەوێت رکابەری لەسەر گواستنەوەی ئەو ئەستێرە میسرییە بکات.
 
گرێبەستی محەممەد سەڵاح، لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول تاوەکو هاوینی 2025ـە، یانەکە نایەوێت یاریزانەکە بێبەرامبەر لەو یانەیە بڕوات، بەڵام دوای رۆیشتنی یۆرگن کڵۆپ لە یانەکە، ئەگەری مانەوەی فیرعەونە میسرییەکەش لە یانە ئینگلیزییەکەدا کەمتر دەبێتەوە.