ریال مەدرید دەیەوێت گرێبەستی سەرکردە گەورەکەی نوێبکاتەوە

24-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دەیەوێت هاندەرانی زیاتر دڵخۆش بکات و گرێبەستی سەرکردە گەورەکەی نوێبکاتەوە.
 
ماڵپەری رێلیڤۆی ئیسپانی دەڵێت "کارگێریی یانەی ریال مەدرید کاردەکات بۆ ئەوەی گرێبەستی کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەکەی نوێبکاتەوە، بەتایبەت کە ئەوان پێیانوایە لەگەڵ راهێنەرەکە زۆر دڵخۆشن، بەتایبەتریش دوای ئەو ئاستە بەرزەی یانەکە لەم وەرزەدا لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئەوروپا پێشکێشیکرد.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، تەمەنی 64 ساڵە، لە 2021 بۆ جاری دووەم وەکو راهێنەری یانەی ریال مەدرید گەڕایەوە، راهێنەرەکە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی شاهانە لە هاوینی 2026 کۆتاییدێت، بەڵام کارگێڕیی یانە مەدریدییەکە بیر لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەکاتەوە.
 
رێلیڤۆ، ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، لە ئەگەری رازی نەبوون بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی یان رۆیشتنی لە یانەکە بە هەر هۆکارێک، ریال مەدرید چابی ئەڵۆنسۆ، راهێنەری یانەی بایرلیڤەرکوزن وەکو باشترین جێگرەوە دەبینێت، بۆ ئەوەی سەرکردایەتی یاریزانە لاوەکانی یانەکە بکات لە داهاتوودا.
 
ریال مەدرید لەم وەرزەدا نازناوی لالیگای بۆ جاری 36ـەم لە مێژوودا بەدەستهێناوە و خۆی بۆ یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا ئامادەدەکات، کە رۆژی 1-6-2024 لە وێمبڵی بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموند یاریی دەکات.
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە