نەیمار دەچێتە مانچێستەر یونایتد؟ تێن هاگ وەڵامدەداتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە لە ماوەی رابردوودا بەگەرمی باس لە هەوڵی یانەکە دەکەن بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ نەیمار دا سێلڤا، ئەستێرەی بەرازیلیی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی.
 
تێن هاگ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی هەوڵەکانی گرێبەستکردنی یانەکە لەگەڵ نەیمار گوتی، "کاتێک زانیاریی تەواومان لەبەردەستبوو و دڵنیابووین لە راستییەکان، ئەوکات هەموو شت ئاشکرا دەکەین".
 
لە ماوەی رابردوودا، نەیماری 31 ساڵ بە یانەی مانچێستەر یونایتدەوە دەبەسترێتەوە، لە کاتێکدا ناوی چەندین یانەی دیکەی وەک چێڵسی و نیوکاسڵیش لە ئارادان.
 
گرێبەستی نەیمار لەگەڵ سانجێرمان لە هاوینی 2025 کۆتایی دێت و ئەو یاریزانە ماوەیەکی بەرچاوە بەهۆی پێکان و نەشتەرگەرییەوە لە یانەکەی دابڕاوە.
 
پێشتر میدیاکان زۆر دووپاتیان لەوە کردبووەوە کە کارگێڕیی سانجێرمان هەوڵدەدات نەیمار دا سێلڤا بفرۆشێت، ئەمەش بەهۆی زۆریی پێکانەکانی لە ماوەی شەش ساڵ یاریکردن بۆ یانەکە.
 
نەیمار لە هاوینی 2017دا بەرامبەر 222 ملیۆن یۆرۆ لە بارسێلۆناوە پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانەوە کرد.
 
نەیمار بەر لە پێکانەکەی ئەمجارەی، لەسەرەتای وەرزدا ئاستێکی نایابی پێشکێشکرد و لە 29 یاریدا لەگەڵ سانجێرمان، 18 گۆڵی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان تۆمارکرد و 17 ئەسیستی هەبوو.
 
میدیاکان وایانداناوە، نەیمار یەکێکە لەو ئەستێرانەی سانجێرمان لێبڕاوانە کار بۆ رۆیشتنی لە ریزەکانی دەکات، بەتایبەت کە دوای شەش ساڵ یاریکردن لەگەڵ ئەو یانەیە، نەیتوانیوە لەسەرئاستی ئەوروپا هیچ دەستکەوتێک بۆ یانەکە بەدەست بهێنێت.