ئەمشەو یاریی کۆتایی جامی ئیتاڵیایە

رووداو دیجیتاڵ

بەرلەوەی ئینتەرمیلان لە ئیستەنبووڵ یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر مانچێستەر سیتی ئینگلیزی ئەنجام بدات و بەرلەوەی فیۆرێنتینا یاریی کۆتایی کۆنفرانسلیگ بەرامبەر وێستهام یونایتدی ئینگلیزی لە چیک ئەنجام بدات، هەردوو یانە ئیتاڵییەکە دەبێ جەنگێکی نێوخۆیی بەرامبەر یەکدی، لەپێناو نازناوێکدا ئەنجام بدەن کە دەکرێ وەرزە سفرییەکەی نێوخۆ، بۆ هەر یەکێکیان بسڕێتەوە.
 
ئینتەرمیلان بەرگری لەو نازناوە دەکات کە وەرزی رابردوو بەدەستیهێناوە.. یارییەکە لەسەر یاریگەی ئۆڵەمپیکۆ دەبێت لە رۆمای پایتەخت. فیۆرێنتینا بەدوای کۆتاییهێنان بە وشکەساڵیی خۆی بەرامبەر نازناوی جامەکەدا دەگەڕێت، پاشئەوەی نزیکەی دوو دەیەی لە نەبردنەوەی ئەو جامە بەڕێکرد.
 
هەردوو یانە ناچارن لە یارییەکەدا چەندە بیریان لای جامە ئیتاڵییەکە بێت، ئەوەندەش بیریان لای جامە ئەوروپییەکە بێت. بۆ هەردوو یانە نازناوێکی ئەوروپی کە ساڵانێکی زۆرە هیچکامیان بەدەستیان نەهێناوە، دەستکەوتێک دەبێت بەگەورەیی لەلاپەڕەکانی مێژوودا دەنووسرێتەوە.
 
ئینتەرمیلان ئەگەرچی نزیکەی 20 خاڵ لە ناپۆلی پاڵەوانی خولی ئیتاڵیاوە دوورە و هەرزوو خۆرادەستکردنی لەبەرامبەر نازناوەکەدا پێشاندا، بەڵام دەتوانێ لە دوو یارییدا، وەرزێکی نموونەیی بۆخۆی بەدەست بهێنێت، پاشئەوەی سەرەتای وەرزەکە، نازناوی جامی سوپەری ئیتاڵیای لە یوڤێنتوس بردەوە و کۆی نازناوەکانی لە جامەکەدا گەیاند هەشت نازناو.
 
لە وەرزی ئەمساڵی جامەکەدا، ئینتەرمیلان گەورەکانی وەک ئاتلانتا و یوڤێنتوسی بڕی و ئێستا لە فیۆرێنتینای رکابەری بەربژێرتر دێتە بەرچاو بۆ بردنەوەی نازناوی ئەمساڵی جامەکە، چونکە کوالیتی و توانا هونەرییەکانی یانەکە، لە رکابەرەکەی زۆر باڵاترە.
 
هەرچی فیۆرێنتینایە لە وەرزی ئەمساڵی جامەکەدا رێگرییەکانی میلان و کریمۆنێزی لە دوا گەڕەکاندا بڕی و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی. یانەکەی فلۆرێنسا چاوی لە بردنەوەی یەکەم نازناوی خامی ئیتاڵیایە لە دوای ساڵی 2001ەوە کە دەکاتە بیست و دوو ساڵی رێک.
 
ئەگەرچی فیۆرێنتینا لەسەر ئاستە ئەوروپییەکە دەتوانێ بۆ دووەم ساڵی لەسەریەک نازناوی پاڵەوانێتییە نوێیەکەی یۆفا کە کۆنفرانسلیگە لە ئیتاڵیا بهێڵێتەوە، پاشئەوەی وەرزی رابردوو رۆما بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بەدەستیهێنا، بەڵام ڤینچینتۆ ئیتاڵیانۆی راهێنەری یانەکە گلەیی لە زۆریی یارییە یەک لە دوای یەکەکانی یانەکەی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا هەیە. وێڕای ئەوەش، ئەو راهێنەرە دڵنیایە لەوەی تیپەکەی بەتەواوی توانای خۆیەوە لە یارییەکەدا هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە دەدات.