ئێمباپێ، سانجێرمان تووڕە دەکات

24-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ ریال مەدرید کیلیان ئێمباپێ، سانجێرمان، ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان، بڕیارێکی نوێی لەبارەی چارەنووسی خۆیەوە داوە کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی بەرپابوونی کێشە لەگەڵ کارگێڕیی یانەکەدا.
 
میدیای فەرەنسا ئاشکرایانکردووە، ئێمباپێی 24 ساڵان، بڕیاریداوە خاڵی تایبەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ ساڵێكی دیکە، لەگەڵ سانجێرمان کارا نەکات.
 
بەپێی گرێبەستی نێوان سانجێرمان و ئێمباپێ کە تاوەکو هاوینی 2024 درێژ دەبێتەوە، دەکرێ گرێبەستەکە ساڵێکی دیکە واتا تاوەکو هاوینی 2025 درێژ بکرێتەوە و درێژکردنەوەکە ئارەزوومەندانەیە.
 
بەپێی ئەوەی میدیای فەرەنسا ئاشکرایانکردووە، ئێمباپێ دەبێ تاوەکو رۆژی 31ی حەوتی ئەمساڵ، بڕیاری خۆی لەبارەی درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی یان درێژنەکردنەوەی ئاشکرا بکات و بەرپرسانی سانجێرمانی لێ ئاگاداربکاتەوە.
 
میدیای فەرەنسا کارەکەیان ناوناوە "گرێبەستی بێ متمانەیی". ئاماژەیان بەوەداوە کە وێڕای هەوڵی بەرپرسانی سانجێرمان بۆ هێشتنەوەی ئێمباپێ و کردنی بەبەردی بناخەی پڕۆژەی داهاتووی یانەکە، بەڵام ئەو یاریزانە بڕیاریداوە گرێبەستەکەی بۆ سێیەم ساڵ نوێنەکاتەوە.
 
پێدەچێ، وەکئەوەی میدیای فەرەنسا ئاشکرایانکردووە، پەیوەندییەکانی سانجێرمان و ئێمباپێ ئێستا لە چەند مانگی رابردوو ئارامتر و باشتر بێت. کارگێڕیی یانە پاریسییەکە متمانەی بەوە هەیە کە ئەو یاریزانە لە هاوینی ئەمساڵدا ناڕوات، چونکە لویس کامپۆسی راوێژکاری وەرزشیی یانەکە و کەسی نزیک لە ئێمباپێ، لە سانجێرمان ناڕوات.
 
وێڕای ئەو هەستەی کارگێڕیی سانجێرمان، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن، ئێمباپێ لە دۆخی خۆی لە یانەکە نیگەرانە، بەتایبەت گلەیی لە لاوازیی گرێبەست و کوالیتی ئەو یاریزانانە هەیە کە هاوینی رابردوو یانەکە گرێبەستی لەگەڵدا کردوون. ئێمباپێ پێیوایە بۆ پڕۆژەی داهاتووی یانەکە پێویستە سانجێرمان لە هاوینی ئەمساڵدا گرێبەستی باش و بەکوالیتی ئەنجام بدات.
 
سانجێرمان لە کۆتاییەکانی وەرزی رابردوودا، توانی گرێبەستی ئێمباپێ نوێبکاتەوە، گەرچی ئەو یاریزانە زۆر نزیکبوو لە پەیوەندیکردن بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە.
 
ئەوکات، ئێمباپێ لەگەڵ سەرۆکی سانجێرمان لە نێو یاریگە باخچەی شازادەکان، نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەنێو دڵخۆشیی هاندەرانی یانەکەدا راگەیاند و درێسێکی بەرزکردەوە کە لەسەری نووسرابوو 2025، بەڵام سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن نوێکردنەوەی گرێبەستەکە بۆ ساڵی سێیەمی لەسەریەک، سەرنجی ئێمباپێ راناکێشێت و پێدەچێ ئەو یاریزانە ویستی مانەوەی لە یانەکەی نەمابێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە