ڤالێنسیا سزادرا و یانەکە بڕیارەکە بە "زاڵمانە" ناودەبات

24-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید ڤینیسیۆس جۆنیۆر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی پێشبڕکێکانی سەر بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، بڕیاری لەبارەی رووداوەکانی یاریی نێوان ڤالێنسیا و ریال مەدرید، لەسەر یاریگەی ئەوی یەکەمیان دەرکرد و سزای بەسەر یانەی خاوەن یاریگەدا سەپاند. یانەی ڤالێنسیا گلەیی لە بڕیارەکان هەیە و بەناهەقیان دەزانێت.
 
یارییەکە بەسەرکەوتنی ڤالێنسیا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتایی هات، رووداوی نەخوازراوەی بەخۆوە بینی، تێیدا دروشمی رەگەزپەرستی بەرامبەر ڤینیسیۆس جۆنیۆر، یاریزانی ریال مەدرید گوترایەوە، بەرلەوەی ئەو یاریزانە بەهۆی بەشەڕهاتن لەگەڵ یاریزانانی ڤالێنسیا، بەکارتی سوور بکرێتە دەرەوە.
 
لیژنەی پێشبڕکێکانی لالیگا بڕیاریدا پەیژەکانی یاریگەی ڤالێنسیا بەشێوەیەکی لاوەکی بۆ ماوەی پێنج یاریی دابخات. هەروەها سزای بەسەر یانەی ڤالێنسیادا سەپاند بەبڕی 45 هەزار یۆرۆ پێبژاردن.
 
لیژنەکە رایگەیاندووە کە "وەکئەوەی ناوبژیوانی یارییەکە لە راپۆرتی خۆیدا ئاماژەی پێداوە، دروشمی رەگەزپەرستانە دژ بە ڤینیسیۆس جۆنیۆر یاریزانی ریال مەدرید گوتراوەتەوە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر هەڵسوکەوتی سرووشتیی ئەو یاریزانە دروستکردووە و کارەکەش کارێکی زۆر مەترسیدار بووە".
 
لیژنەکە دەڵێ، یانەی ڤالێنسیا بۆی هەیە لە ماوەی 10 رۆژدا پەڵپ لە بڕیارەکە بگرێت لەبەردەم لیژنەی پێداچوونەوەدا.
 
میدیای ئیسپانیا، ئاشکرایانکردووە کارتی سووری سەر ڤینیسیۆس هەڵگیراوە و بەوەش دەتوانێت بەشداریی لە یاریی ئەمشەوی یانەکەی بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ بکات.
 
یانەی ڤالێنسیا لای خۆیەوە، بڕیارەکانی لیژنەکەی رەتکردووەتەوە و بڕیاریداوە پەڵپ لە بڕیارەکە بگرێت و سەرچاوەکانی نزیک لە یانەکە پێیانوایە، ئەو بڕیارانەی لیژنەی پێشبڕکێکان "زاڵمانە و نەگونجاون".
 
ڤالێنسیا لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەگەرێکی وەڵامدانەوەی بڕیارەکە دەگرێت، بەڵام ئامادەیی خۆی پێشانداوە بۆ دەستگرتن بەوپەڕی دژایەتیکردنی هەستی رەگەزپەرستانە و لێپیچینەوە لەو هاندەرانەی دروشمەکانیان لە دژی ڤینیسیۆس گوتووەتەوە، تەنانەت وەرگرتنی بڕیار بەبێبەشکردنی هاندەرە رەگەزپەرستەکان لە چوونە نێو یاریگەی یانەکە، بۆ هەتا هەتایە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە