کیلیان ئێمباپێ گاڵتە بە یاریزانانی ریال مەدرید دەکات

24-05-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ پاریس سانجێرمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

 

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان گاڵتە بە کەریم بنزیما و یاریزانانی دیکەی یانەی ریال مەدرید دەکات، بەهۆی ئەوەی ئەوان بە ناپاک لە قەڵەمیان داوە.
 
دوای ئەوەی ئێمباپێ بڕیاریدا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان نوێبکاتەوە، کەریم بنزیما، کە هاوڕێیەکی نزیکی ئیمباپێیە و هاوڕێکانی لە ریال مەدرید لە هەژمارەکانیان لە سۆشیال میدیا چەندین پۆستیان کرد، کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڵگری پەیامێک بوون بۆ ئێمباپێ، ناوەڕۆکەکەی ئەوەبوو کە "تۆ ناپاکیت لە ئێمە و لە ریال مەدرید کردووە".
 
کیلیان لە لێدوانێکدا وەڵامێکی گاڵتەجاڕانەی کەریم و هاوڕێکانی دایەوە و گوتی "نەک بنزیما بەتەنیا، بەڵکو بینیم هەموو یاریزانانی ریال مەدرید لە هەژماری خۆیاندا پەیامێکیان بڵاوکردبووە و کە مانەکەی ئەوەبوو کیلیان خائین و ناپاکە، بەڵام من پێویستیم بەوە نییە بچمە قوتابخانەی سەربازیی سان سیر بۆ ئەوەی لەوە تێبگەم کە ئەو پەیامەیان بە فەرمانی گەورەکانیان بووە یان نا".
 
ئەستێرەی فەرەنسی کە تاوەکو هاوینی 2025 گرێبەستەکەی نوێکردووەتەوە، زیاتر گوتی "من نامەوێت بازرگانی بە بابەتی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم لەگەڵ پاریس سانجێرمان بکەم و زیادەڕۆیی تێدا بکەم، دەزانم کە میدیاکان زۆر باسیان لە پەیوەندی نێوان کەریم و کیلیان دەکرد، بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا ئێمە تەنیا باسی جۆری خواردنمان دەکرد".
 
ئەو لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "هیچ باسی ریال مەدریدمان نەدەکرد، من حەزم لێنەبوو باسی ئەو شتانە بکەین، کاتێکیش دەچینەوە کەمپیی داهاتووی هەڵبژاردەی فەرەنسا، ئەگەر بنزیما لەو بارەیەوە پرسیاری لێکردم بۆی رووندەکەمەوە و هۆکارەکانی بڕیارەکەمی پێدەڵێم".
 
سەبارەت بە تووڕەیی هاندەران و دەزگاکانی راگەیاندنی ئیسپانیا لە مەدرید، کیلیان گوتی "من رێککەوتنم لەگەڵ کەس نەکردووە، تەنیا گفتوگۆمان لەسەر شێواز و مەرجەکانی گرێبەست کردووە بۆ ئەوەی دواتر بریار بدەین، من تەنیا قەرزداری ئەو خۆشەویستییەیانم کە بەمنیان دا".
 
هەموو سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان و هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچوون کە ئێمباپێ دوای کۆتاییهاتنی ئەم وەرزە بڕیار بدات بچێتە ریزەکانی ریال مەدرید، بەڵام دواجار لەنێو سەرسوڕمانی مەدریدییەکاندا بڕیاری دا لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان بەردەوام بێت، ئەمەش هەموو یاریزانانی ریال مەدرید و هاندەرانی و هەموو مەدریدی تووڕە و نیگەران کرد.
 
ئەستێرە گەنجەکەی فەرەنسا، روونیشیکردەوە "نەمگوتووە نەخێر بۆ ریال مەدرید، گوتوومە بەڵێ بۆ فەرەنسا و بۆ پڕۆژە نوێیەکەی پاریس سانجێرمان، ئەوە بانگەوازی نیشتیمان و پایتەختەکەمانە، هەروەها زووش بوو بە بێبەرامبەر بڕۆین".

کاتێکیش پرسیاریان لێکرد، بە نەچوونت بۆ ریال مەدرید چانسی بردنەوەی باڵۆن دۆرت کەم نابێتەوە؟ کیلیان لە وەڵامدا گوتی "ناکرێت بەراورد لە نێوان ریال مەدرید و پاریس سانجێرماندا بکەین، چونکە یانە ئیسپانییەکە زۆر کۆنترە".

هەروەها گوتیشی "پێوەرەکانی باڵۆن دۆر گۆڕاون، چیدی یانە هۆکارێکی کاریگەر نابێت بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆر، ئیدی باشترین یاریزانی جیهان باڵۆن دۆر دەباتەوە".
 
ئەو زیاتر گوتی "پرسی باڵۆن دۆر وەکجاران نەماوە، ئەوەی چاوەکان سەرسام دەکات باڵۆن دۆر دەباتەوە، گرنگ نییە لە کوێ یاری دەکات، ئەوەی باشترینە خەڵاتەکە دەباتەوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە