تۆماس تۆخێل: ئەگەر هەیە ئێمباپی و نەیماربڕۆن

24-05-2019
هێژا خەسرەو
نیشانەکردن فەرەنسا
A+ A-
رووداو-هەولێر

تۆماس توخێلی راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان پێش دەستپێکردنی یاری یانەکەیان بەرامبەر یانەی ریمس، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی لەو تۆمەتانە کرد کە دراوەتە پاڵ ناسر خلێفی سەرۆکی یانەکەیان، هەروەها باس لە رۆیشتنی نەیمار و ئێمباپێ دەکات و دەڵێت، لەوانەیە لەم هاوینەدا زۆر شت رووبدات .

 تۆماس گوتی "لە راستیدا ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ ناسر خلێفی دوو دڵی نەکردووم، کاژێرێک دوای ئەو هەواڵەکەم پێگەیشت، لەو کاتە بینیم دواتر نەمبینیوەتەوە، بەڵام متمانەی زۆرم بەو هەیە، ئەگەر ئەو شتە زۆر راست بێت، ئەگەر مەترسی لەسەر یانەکەمان هەبێت و یانەکەمان دووچاری سزابێت، بە دڵنیاییەوە شتێکی پێدەگوتین، بەڵام ئەو هیچی نەگوتووە، لەبەر ئەوە دوودڵنیم لە هیچ شتێک ناترسم".

 راهێنەری یانە فەرەنسییەکە گوتیشی"ئێمباپێ متمانەی زۆری بە خۆی هەیە، ئەو هیواو ئامانجی هەیە، ئەو یاریزانە بڕیاریداوە خۆی ئامانجەکانی خۆی بپێکێت و لەمەشدا زۆر زیرەکە و دەزانێت چی دەکات، ئێمباپێ یاریزانێکە هەست بە بەرپرسیاری دەکات، لە هەموو مەشق و راهێنانەکاندا لە کاتی خۆیدا دێت پابەندە بە رێنماییەکان، هیچ کاتێک لە راهێنانەکاندا دوانەکەوتووە، سیستەمی خەوی بە باشی رێکخستووە و وەکو یاریزانێکی پیشەگەر هەڵسوکەوت دەکات، داوا لە هەموو یاریزانەکان دەکەم وەکو ئێمباپی بن، هەمیشە گوتوومە کیلیان یاریزانێکی بێوێنەیە چونکە هەمیشە بۆ تۆمارکردنی گۆڵ هەوڵدەدات و ئامانجی یەکەمی نازناوەکانە". 

سەبارەت بە رۆیشتنی نەیمار و ئێمباپێش تۆخێل دەڵێت" با شتێک بڵێم، ئەوان ئێستا دەمێننەوە، بەڵام رەنگە زۆر شت رووبدات و زۆر گۆڕانکاری رووبدات لەم هاوینەدا، یانە گەورەکان دەیانەوێت گرێبەست لەگەڵ یاریزانانماندا واژۆبکەن، من وەک راهێنەر دەمەوێت بمێننەوە، بەڵام ئەگەر لە یانەکەمان بڕۆن بێگومان شوێنگرەوە دەدۆزینەوە".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە