باسکەی کوردستان دەبووژێتەوە
رووداو هەولێر
فیدراسیۆنی باسکەی کوردستان بڕیاریدا دوو خول بۆ یانەکانی کوردستان بەڕێوەببات.
دەستپێکی چالاکییەکانی وەرزی ئەمساڵی باسکەی کوردستان، بەڕێوەچوونی یارییەکانی خولی باسکەی کچانی یانەکانی کوردستانە، چاوەڕواندەکرێت 6 یانە بەشداری بکەن و شێوازی یارییەکانیش دیارینەکراوە، و فیدراسیۆنی باسکەی کوردستان لە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ یانە بەشدارەکان دیاریدەکات.
رەوەند دڵزار، سکرتێری فیدراسیۆنی باسکەی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو رایگەیاند "ئامادەکارییەکی زۆر باشمان بۆ بەڕێوەبردنی سەرجەم خولەکان بەشێوەیەکی سەرکەوتوو کردووە، بێگومان بایەخدان بە ئاستی کچان لای ئێمە زۆر گرنگە، بەهۆی ئاستبەرزی یانەکانی هەرێمی کوردستان کە بەردەوام پاڵەوانی عێراقن".
بەڕێوەچوونی خولی پلەیەکی کوردستان لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ پلانێکی دیکەیە. ئێستا 7 یانە لەسەر ئاستی کوردستان نایابن و پلانی بەرپرسانی باسکەی کوردستان زیادکردنی دوو یانەی دیکەیە بۆ ریزی یانە نایابەکان.
دڵزار زیاتر روونیکردەوە "دەمانەوێت یارییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان زۆر بەهێزتر بکەین، لە ریزی یانە پلەیەکەکانی کوردستان دوو یانەی پێشەنگ بۆ ریزی نایاب سەردەخەین، دواتر خولی نایابی کوردستان بەڕێوەدەبەین".
ئێستا تەنیا یانەی زاخۆ نوێنەری هەرێمی کوردستانە لە خولی نایابی باسکەی عێراق، ئەمەش بەهۆی پاشەکشەی یاری باسکە لەنێو بەشێکی زۆری یانەکاندا، قەیرانی دارایی لیژنەی ئۆڵیمپی کوردستان وایکرد لە شەش ساڵی رابردوودا هیچ خول و پاڵەوانێتییەک بۆ یاری باسکە ساز بکرێت.