ریال مەدرید بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئاردا گولەرەوە دا

24-04-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئاردا گولەر ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بردنەوەی یاریی کلاسیکۆ لەلایەن ریال مەدریدەوە لە بارسێلۆنای رکابەری، دۆخی ئاردا گولەری یاریزانی لاوی ناوەڕاستی یانەی شاهانەی گۆڕی، کە بەر لەو یارییە زۆر باس لە نیازی رۆیشتنی لە یانەکەی دەکرا، بەهۆی بارودۆخە سەختەکەی، کە کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەر زۆر کەم دەرفەتی یاریکردنی پێدەدات.
 
زۆر لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باسیان لەوە دەکرد کە ریال مەدرید بەنیازە ئاردا بەشێوەی خواستن بداتە یانەیەکی دیکە، تەنانەت هەندێک سەرچاوە ئاماژەیان بۆ ئەوە دەکرد کە بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکەش داوایەکی لەو شێوەیان پێشکێشی ریال مەدرید کردووە، چونکە یاریزانەکە دەیەوێت زیاتر یاری بکات.
 
لە نوێترین پێشهاتدا، سەرچاوە نزیکەکانی یانەی ریال مەدرید، رایانگەیاند کە کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری یانەکە بەنیاز نییە یاریزانە تورکە تەمەن 19 ساڵەکە بنێرێتە هیچ شوێنێکی دیکە، بەڵکو دەیەوێت لەگەڵ تیپەکەی بەردەوام بێت.
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، دوای ئەوەی ریال مەدرید کلاسیکۆی بردەوە و جیاوازیی نێوان رکابەرە ڕاستەوخۆیەکەی، بارسێلۆنا بۆ 11 خاڵ زیادکرد، ئەنچێلۆتی هەڵوێستی خۆی لەسەر گولەر گۆڕیوە و بڕیاریداوە زۆرترین کاتی بداتێ لە یاریی داهاتوودا بەرامبەر ریال سۆسیداد، کە رۆژی هەینی بەڕێوەدەچێت.
 
لە راپۆرتێکی هەواڵیدا هاتووە کە ئەنچێلۆتی باسی لە دۆخی ئەستێرە تورکەکە کردووە، و رایگەیاندووە کە "ئاردا پێویستی بە ئارامی و خۆڕاگری هەیە و نابێت پەلە بکات لە بڕیاری دەرچوون". ئاماژەی بەوەشکردووە "گولەر لە یارییەکانی داهاتوودا خولەکی زیاتری دەستدەکەوێت".
 
لەگەڵ ئەوەی ریال مەدرید زۆر نزیکە لە بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئیسپانیا، ئەنچێلۆتی پێویستی بە پشووپێدانی زۆر لەو یاریزانە سەرەکیانە دەبێت کە بە دڵنیاییەوە لە یارییەکانی چامپیۆنزلیگدا پێویستی پێیان دەبێت، کە لەوانەیە بگاتە 3 یاری ئەگەر لە چوارگۆشەی زێڕیندا بایرن میونشن تێبپەڕێنێت، کە دەبێتە هۆی ئەوەی گولەر لە هەندێک یاریدا وەک یاریزانی سەرەکی یاری بکات.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی دوای ئیلکلاسیکۆدا، رایگەیاند "ئاردا گولەر ئەو خولەکانەی دەیەوێت یاری بکات بەدەستیدەهێنێت بۆ ئەوەی بەها  و رۆڵی خۆی نیشان بدات".
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکە دووپاتیکردووەتەوە کە قسەی لەگەڵ یاریزانەکەی کردووە و دووپاتیکردووەتەوە کە ئەو بەهرەمەندێکی گەورەی تۆپی پێیە و لە کاتی گونجاودا چانسی خۆی بەدەستدەهێنێت، بەڵام دەبێت ئارامی هەبێت.
 
ئاردا گولەر، لە دوای گواستنەوەی بۆ یانەی ریال مەدرید لە فەنەرباخچەی تورکی، تەنیا بەشداری لە 6 یاری لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکان کردووە، و تاوەکو ئێستا تەنیا یەک گۆڵی تۆمارکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە