هەواڵێکی چاوەڕواننەکراو لەبارەی کلاسیکۆوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا هەواڵێکی چاوەڕواننەکراو، لەبارەی یاریی کلاسیکۆوە ئاشکرا دەکات و دەڵێت بەو هۆیەوە یاریزانانی بارسێلۆنا تووشی شۆکبوون.
 
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی لە پێشهاتێکی نوێدا دەڵێت "بەر لە بەڕێوەچوونی یاریی کلاسیکۆ، لەنێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو ئەنجامدرا، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید لەگەڵ دەستەی ناوبژیوانانی یارییەکە بینراوە."
 
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، یاریزانانی یانەی بارسێلۆنا تووشی شۆکبوون، کاتێک لە رێڕەوەی چوونە ژووری جلگۆڕین فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدیان بینیووە.
 
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ نووسیوویەتی "کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا زۆر لە ناوبژیوانی کلاسیکۆ توورەیە، هەروەها جارێکی دیکە یانەکە پێیوایە کەناڵی یانەی ریال مەدرید گوشار لەسەر ناوبژیوانان دروستدەکات."
 
لە کلاسیکۆی رابردووی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا، یانەی شاهانە بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ یارییەکەی بردەوە، یانەی بارسێلۆنا ناڕەزایەتیی زۆری بەرامبەر بڕیارەکانی ناوبژیوانی یارییەکە پێشاندا و پێی وایە زوڵمی لێکراوە.
 
سەرچاوە نزیکەکان لە یانەی بارسێلۆنا دەڵێن "یانە کەتەلۆنییەکە بڕیارییداوە پەنابباتە بەردەم دادگا بۆ ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا ناچاربکات، پێداچوونە بە هەموو ڤیدیۆ و تۆمارە دەنگییەکانی کلاسیکۆدا بکاتەوە و رادەستی دادگا بکات بۆ بڕیاردان لەبارەی ئەنجامی یارییەکەوە."
 
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا دەڵێت "بڕیارەکانی ناوبژیوان بۆ ئێمە گومانی تێدایە کە کاریگەریی زۆری لەسەر ئەنجامی یارییەکە هەبوو، بۆیە ئێمە دەمانەوێت لەوە دڵنیاببینەوە کە روویداوە."
 
سەرۆکی بارسێلۆنا داوا لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانی و لیژنەی هونەری ناوبژیوانان دەکات پێداچوونەوەی خێرا بە هەموو تۆمارە دەنگییەکانی یارییەکە و ڤیدیۆکاندا بکرێتەوە."