تەندروستیی تێڤێز تێکچوو و بەپەلە گەیێنرایە نەخۆشخانە

24-04-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کارلۆس تێڤێز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆس تێڤێز، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی مانچێستەر سیتی، بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی تەندروستییەوە بەپەلە گەیێنراوەتە نەخۆشخانە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئەرجەنتین، کارلۆس تێڤێز، هێرشبەری پێشوو و بەنێوبانگی ئەرجەنتینی و راهێنەری ئێستای یانەی ئێندیپێندێنتی هەمان وڵات، لەناکاو دۆخی تەندروستیی تێکچووە و بەو هۆیەوە گواستراوەتەوە نەخۆشخانە.
 
سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن شەوی سێشەممە تێڤێز لە سینگیدا هەستی بە ئازار کردووە، بەو هۆیەوە بەپەلە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی بۆێنس ئایرێسی پایتەختی وڵاتەکە بۆ ئەوەی چارەسەر پێویست وەربگرێت.
 
یانەی ئیندیپێندێنتی ئەرجەنتینی لەو بارەیەوە دەڵێت " دۆخی تەندروستیی راهێنەرەکەیان باش و جێگیرە، بەڵام رۆژی چوارشەممە لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی پشکنینی زیاتری بۆ بکرێت و چارەسەرییەکانی بەتەواوی وەربگرێت."
 
کارلۆس تێڤێز، ئێستا تەمەنی 40 ساڵە، پێشتر لە یانەکانی بۆکا جونیۆرزی ئەرجەنتینی، کۆرێنچیانزی بەرازیلی، وێستهام، مانچێستەر یونایتد و مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، یوڤێنتوسی ئیتاڵی و شەنگەهای چینی یارییکردووە.
 
لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە 2004 تاوەکو 2015 کارلۆس یەکێک بووە لە یاریزانە دیارەکانی هەڵبژاردەی تانگۆ، یاریزانەکە 76 یاریی بەدرێسی هەڵبژاردەی یەکەمەوە ئەنجامداوە و 13 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
کارلۆس تێڤێز، لە 2022 روویکردووەتەوە کاری راهێنەرایەتی، سەرەتا لە یانەی رۆساریۆ سێنترالەوە دەستیپێکرد، ئێستا راهێنەری یانەی ئیندیپێندێنتی وڵاتەکەیەتی.
 
یانەکە لە خولی ئەرجەنتین لەم وەرزەدا لە دوای ئەنجامدانی 14 یاری لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەیە و خاوەنی 17 خاڵە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە