هەواڵێکی شۆکهێنەر بۆ بارسێلۆنا

رووداو دیجیتاڵ

رۆناڵد ئاراوخۆ، بەرگریکاری ئۆرۆگوایی، دەرگای بۆ رۆیشتن لە یانەی بارسێلۆنا کردووەتەوە و چیدی سوور نییە لەسەر مانەوە لەو یانەیە. هەروەها بەرپرسانی یانەکەش چیدی ئەو یاریزانە بە هێڵی سوور نازانن.
 
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئیسپانی، خواستی ئەستێرەی بارسێلۆنای ئاشکراکرد بۆ جێهێشتنی ریزەکانی یانەی کەتەلۆنی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی تۆڕی تیڤی سێ، رۆناڵد ئاراوخۆ هەمیشە خواستی خۆی نیشانداوە بۆ بەردەوامبوون و سەرکەوتن لە گەڵ بارسێلۆنا، بەڵام بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای ئێستا بەو شێوەیە بیر ناکاتەوە و بیر لەوە دەکاتەوە لە هاویندا لە بارسا بڕوات.
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، یاریزانەکە گڵۆپی سەوزی بۆ رۆیشتن هەڵنەکردووە، بەڵام دەرگای جێهێشتنی بارساشی نەداخستووە.
 
راپۆرتەکە روونیکردووەتەوە کە بارسێلۆنا بەنیازە گرێبەستی رۆناڵد ئاراوخۆ نوێ بکاتەوە، بەڵام لاریشی نییە دەستبەرداری ببێت، ئەگەر یاریزانەکە سوور بێت لەسەر رۆیشتن. هەروەها ئاراوخۆش ئەوە رەتناکاتەوە کە لە کاتی روودانی دۆخێکی لەناکاودا ریزەکانی یانەکە جێبهێڵێت.
 
یاریزانە تەمەن 25 ساڵەکە، دەستەوارەیەکی بە زیاتر لە 80 ملیۆن یۆرۆی هەیە، کە لەلایەن یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانییەوە پێشکێشی کراوە و یانە باڤارییەکە تاکە یانە نییە کە ئارەزووی بەدەستهێنانی واژۆکەی دەکات، و چەند یانەیەکی دیکەش سەرسامن بەو یاریزانە، لەوانەش یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی.
 
هەندێک سەرچاوەی دیکەش باس لەوە دەکەن کە ئەگەری هەیە بارسا پەنا بۆ فرۆشتنی گرێبەستەکەی ئاراوخۆ ببات لەپێناو بەدەستهێنانی پارە بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی نوێ و بەهێزترکردنی پێکهاتەی تیپەکەی بۆ وەرزی داهاتوو.
 
بەرگریکارە نێودەوڵەتییەکە، ساڵی 2018 لە یانەی بۆستن ریڤەری ئۆرۆگواییەوە، بەرامبەر 4.7 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە تیپی دووەمی بارسێلۆناوە کرد و لە ساڵی 2020 سەرخرا بۆ تیپی یەکەمی بارسا، کە ماوەی گرێبەستی ئێستای تاوەکو هاوینی ساڵی 2026 درێژدەبێتەوە.
 
بەرگریکارە ئۆرۆگواییەکە، لەم وەرزەدا لە 34 یارییدا لەگەڵ بارسا لە خول و پاڵەوانێتییە جیاجیاکاندا بەشداریکردووە، و تەنیا گۆڵێکی تۆمارکردووە.