ڤیدیۆ؛ فاینۆرد هەنگاوێک لە نازناوی خولی هۆڵەندا دوورە

رووداو دیجیتاڵ

یانەی فاینۆرد، هەنگاوێکی دیکە لە بەدەستهێنانی نازناوی خولی تۆپی پێی هۆڵەندا نزیک بووەوە، کە دەبێتە نازناوی شانزدەهەم لە مێژوویدا.
 
فاینۆرد لەسەر یاریگەی خۆیدا میوانداری ئۆترێختی کرد و بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لێیبردەوە.
 
لە نیوەی یەکەمدا سێباستیان شیمانسکی لە خولەکی 15 گۆڵی پێشکەوتنی یانەی میوانداری تۆمارکرد.
 
لە نیوەی دووەمدا، سانتیاگۆ تۆماس خیمینێز لە خولەکی 54 پێشکەوتنی فاینۆردی دوو هێندە کرد، دواتر لە خولەکی 82 عەلیڕەزا جیهانبەخشی ئێرانی گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد و لە 6 یاری لەسەریەکدا گۆڵی شەشەمی خۆی تۆمارکرد.
 
باس دۆست دوای 6 خولەک جیاوازییەکەی بۆ ئۆترێخت کەمکردەوە، بەڵام فاینۆرد سەرکەوتنی مسۆگەرکرد، بەمەش یەک بردنەوە دوورە لە بەدەستهێنانی نازناوەکە، کە ئەگەر لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا لە ئێکسێلسیۆر بباتەوە و ئایندهۆڤن خاڵەکانی لەدەست بدات پێشوەختە دەبێتە یەکەم.
 
فاینۆرد بە کۆکردنەوەی 73 خاڵ پێشەنگی ریزبەندیی خولەکەی گرتووە و بە 8 خاڵ پێش یانەی ئایندهۆڤنە، کە لە پلەی دووەمدایە.