ئەو هۆکارانەی بنزیما لە ریال مەدرید دەهێڵنەوە

24-04-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کەریم بنزیما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئیسپانیا، چەند هۆکارێک بۆ مانەوەی کەریم بنزیما و بەردەوامبوون لە یارییکردن باس دەکات، لەکاتێکدا گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید بەرەو کۆتاییدەچێت.
 
بنزیما دوو وەرزە لەسەریەک بەباشترین کاتەکانیدا تێدەپەڕێت، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی شاهانە لە هاوینی داهاتوودا کۆتاییدێت، بەڵام بەپێی یاساکانی ریال مەدرید، هەر یاریزانێک لە یانەکەدا لە سەرووی 30 ساڵەوە بێت و باڵۆن دۆر بباتەوە ئەوا بۆ ساڵێک گرێبەستەکەی نوێدەکرێتەوە، بەتایبەت ئەگەر یاریزانەکە خۆی رازی بێت.
 
تۆڕی هەواڵی رێلێڤۆی ئیسپانی چەند هۆکارێک بۆ مانەوەی بنزیما دەخاتەڕوو و دەڵێت "مانەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتی، وەک راهێنەری ریال مەدرید پاڵنەرێکی بەهێز دەبێت بۆ بەردەوامبوونی بنزیما لەگەڵ یانەکە، چونکە راهێنەرەکە متمانەی زۆری بە کەریم هەیە و پشتی پێدەبەستێت."
 
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ئەوەیە کە بنزیما لەرووی ژیانی تایبەتی خۆیەوە ماڵێکی نوێی لە ناوچەی لامورالێخا هەیە، کە تاوەکو ئێستا نەچووەتە ناوی و ماڵەکەی نزیکە لە ماڵی سێرخیۆ رامۆسەوە.
 
بنزیما دەیەوێت هاوشێوەی ئەستێرە دیارەکانی ریال مەدرید بە رێزەوە لە یانەکە بڕوات، وەک زینەدین زیدان و ئەربێلوا کە هەردووکیان دوای رۆیشتنیان لە یانەکەدا رۆڵیان پێدرا و ئێستاش ئەربێلوا راهێنەری تیپی تازەپێگەیشتووانی یانەکەیە، ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە کە پاڵ بە یاریزانەکەوە دەنێت بەردەوامبێت.
 
نزیکی و پەیوەندیی بەهێزی نێوان فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی شاهانە و کەریم بنزیما لە گرنگترین هۆکارەکانی مانەوەی یاریزانەکەیە.
 
هەموو ئەم هۆکارانە لە کاتێکدان، لە سعودیە دەستەوارەیەکی گەورەی بۆ هێرشبەرە فەرەنسییەکە ئامادەکراوە، کە تەنیا خۆی لە تۆپی پێدا نابینێتەوە، بەڵکو بواری ریکلامی بازرگانی و دابینکردنی قوتابخانە بۆ منداڵەکانی تێدایە، بەڵام پێدەچێت بنزیما دواجار بڕیاری مانەوە بدات و لەگەڵ ریال مەدرید بەردەوامبێت.
 
بەپێی چەند سەرچاوەیەک کەریم بنزیما مانگی ئۆکتۆبەری رابردوو بڕیارییدا گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2024 لەگەڵ ریال مەدرید نوێبکاتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی یانەکەی گەیشتووەتە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ نایەوێت بیرکردنەوەی لای داهاتووی خۆی بێت، بەڵکو چاوی لەوەیە رکابەری لەسەر پارێزگاریکردن لە نازناوی چامپیۆنزلیگ بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە