ڤیدیۆ؛ پاریس سانجێرمان بووە پاڵەوانی لیگ وەن

رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمان سەرەڕای یەکسانبوونی لەگەڵ لانس، چوار گەڕ بەر لە تەواوبوونی خولی فەرەنسا، نازناوەکەی یەکلاییکردەوە.
 
پاریس سانجێرمان لەو یارییەدا کە لە گەڕی 34ـی لیگ وەندا میوانداری لانسی کرد، پێویستی بە تەنیا خاڵێک بوو بۆ ئەوەی بەفەرمی ببێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولەکە.
 
دوای ئەوەی نیوەی یەکەم بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە خولەکی 68ـدا بە لێدانێکی مووشەکئاسا لە دەرەوەی هێڵی سزاوە تۆڕی گۆڵی تیپی میوانی هەژاند.
 
لە کاتێکدا کە یارییەکە بەرەو دواساتەکانی دەڕۆیشت، یانەی میوان کە بەهۆی دەرکردنی یاریزانێکی بە کارتی سوور بە 10 یاریزان یاریدەکرد، لە خولەکی 88 لە رێگەی کۆرێنتن جیانەوە گۆڵی یەلسانبوونی تۆمارکرد و یارییەکە بە ئەنجامی 1-1 کۆتاییهات.
 
بەم ئەنجامە پاریس سانجێرمان ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 78 خاڵ، کە هیچ یانەیەکی دیکە ناتوانێت بگاتە ئەو ژمارەیە، بۆیە بەفەرمی بووە پاڵەوانی ئەم وەرزەی لیگ وەن، کە دەیەمجارە دەبێتە پاڵەوانی خولی فەرەنسا و بە هاوباشی لەگەڵ سانت ئیتیان خاوەنی زۆرترین نازناوی لیگ وەنە.