ئەستێرەیەکی بەنێوبانگی تۆپی پێی عێراق لە مردن رزگاریبوو

24-04-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

عیماد محەممەد، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق و راهێنەری تیپی تۆپی پێی لاوانی هەڵبژاردەکە لە مردن رزگاریبوو.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ عیماد محەممەد، راهێنەری تیپی لاوانی هەڵبژاردەی عێراق، لەگەڵ هەریەکە لە محەممەد ناسر، ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، فەرید مەجید، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق و چەند وەرزشوان و رۆژنامەڤانێکدا لە بەلەمێکدا لە کووفە ژێر ئاو کەوتن.
 
دوای ئەوە عیماد محەممەد تووشی بارودۆخێکی نەخوزراو و سەخت بوو و بارودۆخی بەتەواوی تێکچوو، بۆیە بە خێرایی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهید سەدر لە نەجەف.
 
بەپێی سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەکە بارودۆخی عیماد محەممەد، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆی باشە، بەڵام تووشی شکانێکی بچووک بووە لە کەللەی سەریدا.
 
رووداوەکە کاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی عێراقدا بەدوای خۆیدا هێنا، یونس مەحموود، کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق وێنەیەکی خۆی و عیماد محەممەدی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی " خوایە سەلامەتی پێببەخشیت و بەسەلامەتی بگەڕێتەوە نێو خانەوادەکەی."
 
نەشئەت ئەکرەم لەبارەی رووداوەکەوە نووسیوویەتی " عمدەی خۆشەویست هەڵسەوە، هیچت نییە، خاوەن دەروونێکی پاک، سوپاس بۆ خوا لە نەشتەرگەری دەرچوو، ئێستا بارودۆخی جێگیرە و سوپاس بۆ خوا، نزات بۆ دەکەین و خوا بتپارێزێت."
 
پێشتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق گرێبەستی لەگەڵ عیماد محەممەد کردووە، بۆ ئەوەی لە جامی ئاسیای داهاتوودا سەرپەرشتی هەڵبژاردەکە بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە