فلۆرێنتینۆ پێرێز.. ئەو ئەندازیارەی نۆیەم دەوڵەمەندترین کەسی ئیسپانیایە

رووداو دیجیتال

دوای چەند ساڵێک لە پاشەکشێ بەهۆی کێشەی ئابوورییەوە، یانەی ریال مەدرید پێویستی بە فلۆرێنتینۆ پێرێز هەبوو، ئەو بزنسمانەی لە جیهانی بازرگانییەوە هاتە دەرەوە بۆ ئەوەی ریال مەدرید بەرەو شکۆی نوێ بباتەوە.

دوای ئەوەی پێرێز پڕۆژەی سوپەرلیگی راگەیاند و عەرشی فیفا و یۆفای هێنایە لەرزە، بەڵام دواتر شکستیهێنا، میدیا زۆر بایەخی بە کەسایەتی ئەو پیاوە دا، بەتایبەتیش کاتێک خافێر تیباسی سەرۆکی لالیگا، لەبارەیەوە گوتی "پێرێز بەڵێندەرێکی بیناسازی باشە نەک سەرۆک یانە".

گۆڤاری لو پۆینتی فەرەنسی، لە راپۆرتێکدا باسی کەسایەتی و کاریگەرییەکانی پێرێز دەکات لە ماوەی ئەو چەند ساڵە دوور و درێژەی لەگەڵ ریال مەدرید بەسەربردووە و سەبارەت بەو دەڵێت "ئەو تەنیا سەرۆکی یەکێک لە دەوڵەمەندترین یانەکانی جیهان نییە، بەڵکو سەرۆکایەتی کۆمپانیای ACSـی بیناسازیش دەکات، کە خاوەنی 180 هەزار فەرمانبەرە و لەسەر ئاستی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، لە ئەمریکاوە تاوەکو ئوسترالیا.

زانکۆی هارڤارد ئەو پیاوەی بە یەکێک لە باشترین 25 گەورە جێبەجێکاری جیهان ریزبەندکردووە، کە بەپێی گۆڤاری فۆربێس، پێرێز خاوەنی نۆیەم گەورەترین سامانە لە ئیسپانیا، کە سەرمایەکەی بە 2.3 ملیار دۆلار دەخەملێنرێت.

پێرێز سەرکەوتنی خۆی لە جیهانی بازرگانییەوە گواستەوە بۆ تۆپی پێ، لە رێگەی شۆڕشی گالاتیکۆسەوە لە سەرەتای دەستپێکردنی کارەکەی لەگەڵ ریال مەدرید، ئەویش بە گرێبەستکردن لەگەڵ باشترین یاریزانەکانی جیهان، هەروەها سوودی لە هەرای میدیایی و بایەخی جەماوەی وەرگرت، بۆ ئەوەی قازانجی زیاتر لە مافی پەخشکردن و فرۆشی یانە بکات، کە لە هەموو گرێبەستەکانیدا یەک دروشمی بەکاردەهێنا، ئەویش ئەوەیە کە ئەو بۆ ئەوە لەدایکبووە رۆژێک ببێتە یاریزانی ریال مەدرید".

پێرێز کە بەمدواییە لە تەمەنی 74 ساڵیدا، لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا رزگاری بوو، هیچ کاتێک لە هیوا و ئارەزووەکانی نەوەستاوە، هەروەها بەردەوام بەدوای توانای باشترین یاریزانەکاندا دەگەڕێت، بۆ نموونە ئێستا چاوی خستووەتە سەر هەردوو ئەستێرەی لاو، کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی و ئێرلینگ هالاندی نەرویجی، کە هەمووان ئەو دووانە بە داهاتووی تۆپی پێی جیهان، یان جێگرەوەی لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی و کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی دەزانن.

پێرێز لە نزیکەوە بایەخ بە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەدات، وەک بەشێک لە پلانەکانی بۆ هێشتنەوەی ریال مەدرید لە پێشەنگیدا، لە رووی پارە و وەرزشەوە.

پڕۆژە و پلانەکانی پێرێز لەسەر ئەوە بنیات نراون کە لە ماوەی دووجار سەرکردایەتیکردنی ریال مەدرید لە 2000 - 2006 و لە 2009 تاوەکو ئەمڕۆ بەدەستیهێناون و بریتین لە 26 نازناوی تۆپی پێ، لەوانەش 5 خولی ئیسپانیا و 5 چامپیۆنزلیگ.

لەسەر ئاستی کەسی، فلۆرەنتینۆ پێرێز یەکێکە لەو سەرۆکانەی بەهای کار بە پیرۆز دەزانن، کەسێکە توانای ئەوەی هەیە لە ناوەڕاستی پشووی هەفتەدا چەند کاژێرێک بەسەریەکەوە گفتوگۆی بازرگانی بکات.

ئەو ئەندازیاری پرد و رێگاوبانە، کە لە وەزارەتەکانی پیشەسازی، وزە و کشتوکاڵدا پۆستی بەرپرسیارێتی لەئەستۆ گرتووە، پێشتر گوتوویەتی "هیچ کات کارم بۆ پارە پەیداکردن نەکردووە، نازانم چەندم هەیە و نازانم چۆن سوود لەو پارەیە وەردەگرم، بەڵام ئەوە واینەکردووە کە باڵەخانەیەکی گەورە و گرانبەهای 2600 مەتر دووجایی دروست بکات و لەگەڵ 3 منداڵەکەی دابەشی بکات.