دیبالا ئاڵای سپی هەڵدەکات

رووداو دیجیتال 

پاولۆ دیبالا، ئەستێرەی ئەرجەنتینیی یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی، ئاڵای سپی خۆبەدەستەوەدانی هەڵکرد و دووپاتیکردەوە کە ئەم وەرزە یانەی ئینتەرمیلان دەبێتە پاڵەوانی سیریا ئەی. ئاشکراشیکرد کە یانەی نێرازۆری جارێک هەوڵیداوە گرێبەستی لەگەڵ بکات ئەوکاتەی لە یانەی پالیرمۆ بووە.

یوڤێنتۆس درکی بەوە بردووە کە سەردەمی باڵادەستی ئەو بەسەر سێریا ئەی کۆتاییهاتووە، دوای 9 ساڵ باڵادەستی و بێڕکابەریی، کە ئینتەرمیلانی پێشەنگ بەجیاوازی 10 خاڵ پێش دووەمی ریزبەندییە، بەر لە کۆتاییهاتنی خولەکە بە 6 گەڕ.

دیبالا دانی بەوەدا نا کە بیانکۆنێری چیدی رکابەر نییە بۆ بەدەستهێنانی سکودێتۆ و هیچ گومانێکیشییان لەوە نەبووە کە کێ لە لووتکەدا دەبێت، کە مەبەستی ئینتەرمیلانە.

دیبالای تەمەن 27 ساڵ، گوتی "جامی سوپەری ئیتالیامان بردەوە و یاریی کۆتایی جامی ئیتالیا بەرامبەر ئاتالانتا دەکەین، بەڵام سکودێتۆ بۆ ئینتەرمیلان کۆتاییهاتووە".

یاریزانە ئەرجەنتینییەکە، لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی "وەرزێکی جیاواز بوو، زۆر گۆڕانکاریمان بەسەردا هات، هیوادارین لە هەڵەکانی خۆمان فێربین و ساڵی داهاتوو باشتر کاربکەین".

دەگوترێت کە لەوانەیە دیبالا لە هاوینی داهاتوودا ببێتە ئامانجی گواستنەوەی ئینتەرمیلان، ئەگەر لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یوڤێنتوس رێکنەکەوت، کە ماوەکەی لە  هاوینی 2022 کۆتاییدێت.

جۆزێپێ مارۆتای سەرۆکی جێبەجێکاری ئینتەرمیلان، بەوە ناسراوە کە پەیوەندییەکی تایبەتی بەهێزی لەگەڵ دیبالادا هەیە، کە لە ساڵی 2015 رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە گواستنەوەی دیبالا لە پالێرمۆوە بۆ یانەی یوڤێنتوس.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا ئەگەری ئەوە هەیە یاری بۆ ئینتەرمیلان بکات؟، دیبالا گوتی "کاتێک لە پالێرمۆ بووم، دەیانگوت ئینتەرمیلان دەیەوێت گرێبەستت لەگەڵ بکات، بەڵام سەرۆک ماوریزیۆ زامپارینی نەیدەویست بمفرۆشێت".

ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتیشی "هیچ دەستەوارەیەکی دیکەم لە ئیسپانیا یان ئینگلتەراوە بەدەست نەگەیشتووە".