پرێمەرلیگ.. وێستهام و چێڵسی شەڕی پلەی چوارەم دەکەن

24-04-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن وێستهام چێڵسی
A+ A-

رووداو دیجیتال

دوای ئەوەی یاریی دەستپێکی گەڕی 33ـی پرێمەرلیگ بە رووبەڕووبوونەوەی ئارسیناڵ و ئێڤێرتۆن دەستیپێکرد و ئەمەی دوایی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە، ئەمڕۆ 3 یاری دیکە بەڕێوەدەچن.

لیڤەرپوول لە یەکەم یاریی ئەمڕۆدا، لەسەر یاریگەی ئانفێڵد پێشوازی لە نیوکاسڵ دەکات و ئامانجی بردنەوەی 3 خاڵی یارییەکەیە بۆ هێشتنەوەی هیواکانی بۆ چوونە نێو بیگ فۆڕ و بەدەستهێنانی بلیتێکی چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.

رێدز 53 خاڵی هەیە و لە پلەی حەوتەمدایە، بەڵام جیاوازی ئەو لەگەڵ خاوەنانی سێ پلەکانی پێشخۆی ئەوەندە زۆر نییە و دەکرێت پێشیان بکەوێت.

کوڕانی یورگن کڵۆپ هەوڵدەدەن لەم یارییەدا قەرەبووی لەدەستدانی دوو خاڵ لە گەڕی رابردوودا بکەنەوە، کە بەرامبەر بە لیدز یونایتد لەدەستیاندا و بەهۆیەوە گەڕانەوە پلەی حەوتەمی ریزبەندیی.

نیوکاسڵ بە کۆکردنەوەی 35 خاڵ لە پلەی پانزدەمی ریزبەندیدایە و لە دوایین 3 یارییدا نەدۆڕاوە و لە دوایین دوو یارییدا 6 خاڵی بەدەستهێناوە، بۆیە دەیەوێت بەردەوام بێت لەسەر ئەنجامە باشەکانی، ئەگەر رکابەرەکەی لیڤەرپوولیش بێت.

لە یارییەکی دیکەدا، وێستهام و چێڵسی شەڕ لەسەر پلەی چوارەم دەکەن، کە هەردووکیان خاوەنی 55 خاڵن و چێڵسی بەجیاوازی گۆڵ لە پلەی چوارەمدایە و وێستهامیش لە پلەی پێنجەمدایە.

وێستهام گەڕی رابردوو بە یانەی نیوکاسڵ دۆڕا، بۆیە نایەوێت لە دوو یاری بەسەریەکەوە شکست بێنێت، چێڵسیش کە لە یاری رابردوودا دوو خاڵی گرنگی لەدەستداوە، ئەویش خوازیاری قەرەبووکردنەوەیە، بەڵام یانەکەی لەندەن دوای 3 رۆژ یارییەکی گرنگی بەرامبەر یانەی ریال مەدرید ئیسپانی هەیە، لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا، بۆیە لەوانەیە کوڕانی تۆماس توخێل زیاتر بیر لەو یارییە بکەنەوە.


یارییەکانی ئەمڕۆ:

لیڤەرپوول - نیوکاسڵ 14:30
وێستهام - چێڵسی 19:30
شێفیڵد یونایتد - برایتۆن 22:00

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە