رووداو دیجیتاڵ
نۆڤاک جۆکۆڤیچ، ئەستێرەی بەنێوبانگی سێربی ریکۆردێکی نویی لە جیهانی تێنسدا تۆمارکرد، دوای ئەوەی گەیشتە قۆناخی شازدەی تێنسی مەیامی.
جۆکۆڤیچ بەرامبەر کامێلی ئوگۆ کاربێلیی ئەرجەنتینی یارییکرد، تێنسزانە سێربییەکە هەر زوو لە کۆمەڵەی یەکەمدا بە شەش یەک پێشکەوت.
لە کۆمەڵەی دووەمدا، رکابەرییەکە گەیشتە لووتکە و هەردوو تێنسزان بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتن، دوای رکابەرییەکی دوور و درێژ، یارییەکی بەهێز و سەرنجڕاکێش، جۆکۆڤیچ لە تای برێکدا بە حەوت شەش ئەو کۆمەڵەیەشی بردەوە و بە دوو کۆمەڵەی بێبەرامبەر خۆی گەیاندە قۆناخی شازدە.
بەبردنەوەی ئەم یارییە نۆڤاک جۆکۆڤیچ بووە خاوەنی 411 بردنەوە لە پاڵەوانێتییەکانی ماستەرزدا و پێش رافایێل نادال، ئەستێرەی بەنێوبانگی ئیسپانی کەوت و لە 1990ـەوە کەس نەیتوانیووە ئەو یارییە زۆرە بباتەوە.
لە قۆناخی داهاتوودا جۆکۆڤیچ بەرامبەر لۆرێنزۆ مۆسێتی ئیتاڵی یاری دەکات.
جۆکۆڤیچ خاوەنی زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە و 6 جار بووەتە پاڵەوان، پێشتر لە 2014 بۆ 2016 سێ ساڵ لەسەریەک نازناوەکەی بەدەستهێناوە و دەیەوێت بۆ حەوتەمجار ببێتە پاڵەوان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ