رووداو دیجیتاڵ
هەر جارێک لامین یامال گۆڵ تۆماردەکات، ئاماژە بە ژمارە 304 دەکات، کە کۆدی پۆستی رۆکافوندایە، کە شارۆچکەیەکی هەژارنشینی هەرێمی کەتەلۆنیایە کە تێیدا گەورە بووە و خەڵکەکەی شانازی بەدرەوشاوەیی و سەرکەوتنی کوڕە 17 ساڵانەکەیان دەکەن، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە یۆرۆی 2024ـدا کردی، پاشان بووە یەکێک لە گرنگترین یاریزانانی لالیگا و بارسێلۆنا.
هەموو خەڵکی ئەو شارۆچکەیە زۆر شانازی بەو گۆڵەوە دەکەن کە لامین لە یۆرۆی 2024ـدا لە تۆڕی فەرەنسای تۆمارکرد.
دیمەنی ئەو رۆژە
دیمەنی ئەو رۆژە بەمشێوەیە بوو؛ هێشتا تەنانەت نیوەڕۆش نییە و لە ئێستاوە جەنجاڵی لەناو باڕەکەی ئێل کۆردۆبسدا دروست بووە، و نازانن کە دوای چەند کاژێرێک بەشێوەیەکی شێتانە ئاهەنگ بۆ گۆڵێکی مێژووی یامال دەگێڕن، ئەو منداڵە لەدایکبووەی مەغریب هەمیشە لەگەڵ باوکیدا، کە تۆپەکەی بەدەستەوە بوو دەهاتە ئەو باڕە. هەر ئەوەش روویدا و لامین گۆڵێکی سەرسوڕهێنەری بەرامبەر فەرەنسا تۆمارکرد و یارمەتی لارۆخای دا بگاتە یاریی کۆتایی یۆرۆی 2024 و دواتریش لە یاریی کۆتاییدا لە ئینگلتەرای بردەوەە و بوونە پاڵەوانی ئەورووپا.
لەوانەیە هیچ یاریزانێکی دیکە بە لیۆنێل مێسیشەوە ئەوەندەی لامین بەخێرایی هەنگاوی بەرەو هەڵبژاردەی نیشتیمانی وڵاتەکەی نەهاوێشت بێت، بە بەڵگەی ئەوەی خوان کارلۆس سێرانۆی خاوەنی باڕەکە، ئەو رۆژە بەزەردەخەنەوە گوتی "دەمانزانی کوڕە بچکۆلانەکەمان بۆ تیپی یەکەمی بارسێلۆنا یاری دەکات، بەڵام هیچ بیرۆکەیەکمان نەبوو کە ئەو جۆرە کاریگەرییەی ئێستای هەبێت و یارییەکان بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بباتەوە".
لەو باڕەدا لەسەر دیواری پشتەوەی درێسێکی بارسێلۆنا هەڵواسراوە کە واژۆی یامالی لەسەرە، کە لەلایەن باوکی ئەستێرە گەنجەکەوە پێیدراوە وەک نیشانەی سوپاسگوزاری بۆ پشتگیریکردنی لەو ساڵانەی کە ئەو دووانە هەموو رۆژێک پێش ئەوەی بە شەمەندەفەر بچنە ناو شار بۆ مەشقکردن لەگەڵ تیپی لاوان، دەچوونە باڕەکە، تاوەکو ئەو کاتەی گرێبەستی لەگەڵ ئەکادیمیای بەنێوبانگی لاماسیا واژۆکرد.
ئەوە دوایین رۆژی یامال بوو لە باڕەکەدا، بەڵام دوایین رۆژی نەبوو لە شارۆچکەی ماتارۆ، کە شارۆچکەیەکی بچووکە، 30 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی بارسێلۆنا دوورە و ژمارەی دانیشتووانی 130 هەزار کەسە. لامین بەشێک لە تەمەنی منداڵی لەوێ بەسەربردووە و زۆر لە خەڵکی ناوچەکە شانازی بەوە دەکەن کە وێنەیان لەگەڵیدا گرتووە.
جیابوونەوەی دایک و باوکی
لامین وەک زۆر لە ئەستێرەکانی دیکەی تۆپی پێ، لە دۆخێکی دارایی و کۆمەڵایەتی سەختدا توانیویەتی پەرە بە بەهرەکانی خۆی لە تۆپی پێ بدات و ببێتە یاریزانێکی بەتوانا و بەنێوبانگ.
دوای جیابوونەوەی دایک و باوکی، یامال لە نێوان شارۆچکەکانی گرانۆلێرس و ماتارۆی نزیکدا دەژیا، بەڵام سەردانی بەردەوامی بۆ لای داپیرەی کە دەیان ساڵ لەمەوبەر لە مەغریبەوە چووەتە ئیسپانیا و تاوەکو ئێستاش لە شاری رۆکافوندا دەژی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو گەڕەکەدا پاراست کە باوکی وەک پاڵەوانێکی ناوخۆیی پێشوازی لێدەکرێت.
باوکی تازە لە ئەڵمانیاوە گەڕابووەوە، لەوێ سەیری یارییەکەی ئیسپانیا کردبوو کە لە قۆناخی پێش کۆتاییدا بەئەنجامی 2-1 لە فەرەنسای بردەوە، دراوسێکانی لە دەوری کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی پیرۆزبایی گۆڵە سەرسوڕهێنەرەکەی کوڕەکەی بکەن، لەکاتێکدا هەموو گەڕەکەکە هێشتا لە دۆخێکی ورووژاندندا بوون بەهۆی ئەو ساتەوەختە ئایکۆنییە.
مونیر نەسراوی ئەو رۆژە کە بە وزەیەکی زۆرەوە لە دەرگای باڕەکە وەستابوو، سەبارەت بە گۆڵی کوڕەکەی گوتی "هەموو ساتێک لەم یاریگایەدا وەک هەر هاندەرێکی دیکەی ئیسپانیا دەژیام، شێت بووم".
ئەو رۆژە دەبووایە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە و دەرفەتێکی دیکەی بۆ دوو ئاهەنگگێڕان هەبێت؛ کوڕەکەی رۆژی شەممە تەمەنی دەبووە 17 ساڵ، رۆژی یەکشەممەش هیوادارە سەیری بەرزکردنەوەی جامەکەی ئەورووپا بکات لە یاریی کۆتایی بەرامبەر ئینگلتەرا.
خاڵی وەچەرخان و لێدان لە دەرگای نێوبانگ
خاڵی وەچەرخان و لێدان لە دەرگای نێوبانگ لەلایەن لامین یامالەوە، یۆرۆی 2024 بوو، کە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا درەوشایەوە و سەرکردایەتی لارۆخای کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا لە هەڵبژاردەی ئینگلتەرایان بردەوە.
یامال لە تەمەنی 17 ساڵی و یەک رۆژدا بووە بچووکترین یاریزان کە بەشداری یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکی گەورە بکات.
لە مێژووی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا و پاڵەوانێتییە گەورەکاندا بەگشتی بووە بچووکترین یاریزان کە گۆڵ تۆماربکات، کاتێک لە قۆناخی پێشکۆتایی بەرامبەر فەرەنسا لە تەمەنی (16 ساڵ و 362 رۆژ)ـدا گۆڵێکی نایابی تۆمارکرد.
هەمووان شانازی پێدەکەن
باوکی لامین هەمیشە دووپات لەوە دەکاتەوە کە وەک باوکێک زۆر شانازی بە کوڕەکەیەوە دەکات و دەڵێت "وەک باوکێک شاناز و دڵخۆش و سوپاسگوزارم".
باوکی لامین هەروەها سوپاسی دراوسێکانیشی دەکات بۆ پشتگیریکردنیان و دەڵێت "ئەم گەڕەکە شانازی بەوە دەکەن کە لەو شوێنە دەژین کە لامین یامال لێیەوە هاتووە".
چەند شەقامێک لە دوورەوە، خۆری سووتێنەر رێگری لە منداڵان ناکات لە یاریگایەکی ناوخۆییدا یاریی تۆپی پێ بکەن، کە یامال لە منداڵیدا چەندین رۆژ چەندین کاژێر یاری تێدا کردووە.
ئێستاش هەمووان دەیانەوێت وەک ئەوبن لەو بوارەدا کە هەرجارێک ئەستێرە گەنجەکە گۆڵ تۆمار دەکات و ئاماژە بۆ ژمارە 304 دەکات.
مامادۆ سۆو، تەمەن 32 ساڵ، کە وەک گارسۆن لە چێشتخانە کاردەکات، لەبارەی لامین یامالەوە دەڵێت "خەڵک زۆر پەرۆشن بۆ لامین، چونکە پێشتر هیچ شتێکی لەم شێوەیە لێرە رووی نەداوە. هەمووان دڵخۆشن کە کوڕێکی گەڕەکەکەیان درەوشاوەتەوە و هەموو جیهان باسی دەکات".
نێوبانگی گەڕەکەکە
ئەو گەڕەکەی لامین تێیدا ژیاوە، پێشتر نێوبانگێکی خراپی هەبوو، کە زۆرجار کێشەی کۆمەڵایەتی و دزی و هەندێجاریش تاوانی تێدا روودەدا، بەڵام ئێستا میدیاکان وەک گەڕەکێکی خاوەن نێوبانگێکی ئەرێنی و باش باسی دەکەن.
مامادۆ سۆو، گارسۆنی چێشتخانە، لەو بارەیەوە دەڵێت "درەوشانەوە و بەنێوبانگبوونی لامین ئارەزووی وەرزشیی زیاتر بە منداڵان دەبەخشێت". ئەو خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بۆ ئەوەی کە دواجار نێوبانگی گەڕەکەکەیان چاکبووەتەوە، دوای ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا لە میدیاکاندا بەشێوەیەکی نەرێنی وێنا دەکرا، لە کاتێکدا ئێستا لە تەلەڤزیۆنەکاندا بەشێوەیەکی ئەرێنی باسی لێدەکرێت.
ژیان هەمیشە سادە نەبووە لەم ناوچەیەی پەراوێزکراوی شاری ماتارۆ، کە کۆدی پۆستی 08304ـە و دانیشتووانێکی زۆری کۆچبەری هەیە و داهاتێکی کەمیان هەیە بەبەراورد بە گەڕەکە دەوڵەمەندەکانی دیکە.
رۆسیۆ ئێسکاندێل، سەرۆکی کۆمەڵەی دانیشتووانی رۆکافوندا، دەڵێت "هەمیشە نێوبانگێکی خراپمان هەبووە سەبارەت بە تاوان و کارە خراپەکانی دیکە، بۆیە هەبوونی کەسێکی زۆر گرنگ کە رووناکییەکی جیاواز لەسەر گەڕەکەکە بدرەوشێنێتەوە، بەڕاستی ئەرێنییە".
هەمیشە رێزدارە
لامین یامال سەرەڕای بچووکی تەمەنی، هەمیشە لە زێدی خۆیدا رێزێکی زۆری لێدەگیرا.
لە دەرەوەی نانەواخانەکە، کە مامی لە نزیک یاریگای تۆپی پێی گەڕەکەکە بەڕێوەی دەبات، وێنەیەکی گەورەی لامین دانراوە کە درێسێکی بارسێلۆنای لەبەردایە، قۆڵەکانی بڕیوە و ئاماژە بە ژمارە 304 دەکات.
لەکاتێکدا خاوەنی نوێی نانەواخانەکە، جەواد داراز خەریکی نۆژەنکردنەوەی نانەواخانەکەیە، تەنیا یەک شت هەیە کە بەنیازی گۆڕینی نییە.
کاتێک ئاماژەی بە تابلۆکەی یامال کرد، بە زەردەخەنەوە گوتی "هەموو شتێک دەگۆڕین جگە لە وێنەکە".
ئاماژەی بەوەشکرد "من زۆر حەزم لەم وێنەیەیە، چونکە لامین خەڵکی گەڕەکەکەیە. ئێمە لێرە ئەستێرەیەکی رێزدارمان هەیە و شانازی پێوە دەکەین".
داپیرەی لامین
یەکێک لەو کەسانەی کە لامین زۆر خۆشی دەوێن، یان دەتوانین بڵێین خۆشەویستترین کەسی لامینە، فاتیمەی داپیرەی ئەوە، کە خەڵکی مەغریبە و خۆیشی لامینی زۆر خۆشدەوێت.
ئەوکاتەی دایک و باوکی لامین لێکجیابوونەتەوە، داپیرەی بۆ ئەو بووەتە دایک و باوک و ئەرکی بەخێوکردنی لەئەستۆ گرتووە و بووەتە رێپیشاندەری ئەو.
لامین لە چەندین بۆنەدا وێنەکانی خۆی لەگەڵ داپیرەی بڵاوکردووەتەوە و خۆشەویستی خۆی بۆ ئەو نیشانداوە وەک وەفایەک بۆ ئەو چاکانەی داپیرەی لە رۆژگارە سەختەکاندا بەرامبەری کردوون.
میدیاکان بەر لە چەند مانگێک بڵاویانکردەوە کە لامین سێ خانووی گەورەی کڕیوە، یەکێکیان بۆ داپیرەی، یەکێکیان بۆ باوکی و یەکێکیش بۆ دایکەکەی.
کوڕێکی موسڵمانە
لامین وەک کوڕی کەسێکی موسڵمان، خۆیشی پابەندە بە ئەرکە ئایینییەکان و شانازی بەوە دەکات کە موسڵمانە.
ئەو زۆرجار بەشانازییەوە باس لە موسڵمانبوونی خۆی دەکات. زۆرجار لەنێو یاریگدا دەستەکانی بەرز دەکاتەوە و نزا دەکات یان ئایەتی قورئان دەخوێنێتەوە.
لەم رەمەزانەدا لامین سوور بوو لەسەر بەڕۆژوووبوون و خۆی گوتی "هەموو رۆژێک کاژێر 5ـی بەیانی لە خەوهەڵدەستم، پاشیڤ دەخۆم، نوێژ دەکەم و دەست بە مەشقەکان دەکەم".
ئەو هەروەها دەڵێت "بەڕۆژووبوون هیچ کاریگگەری نەرێنی لەسەر ئاستی یاریکردنم نییە، چونکە بارسێلۆنا یارمەتیدەرمە و سیستمێکی خۆراکی زانستی بۆ داناوم و زۆر ئاو و شلەمەنییەکان دەخۆمەوە".
بەبێ کەپڵ ناژی
خاڵێک کە لەوانەیە کاریگەری نەرینی بەسەر ئاستی لامینەوە هەبێت لەنێو یاریگاکاندا ئەوەیە کە ئەو بەبێ کەپڵ ناژیت و پەویەندی زۆری بە کچانەوە هەیە.
بەگوێرەی هەندێک لە نزیکەکانی لامین، ئەو کوڕە تاوەکو ئێستا لە چەندین خۆشەویستی جیابووەتەوە، بەڵام باکی بەوە نییە، چونکە ئێستا ئەو یەکێکە لە بەنێوبانگترین و پڕهەوادارترین یاریزانانی جیهان و هەر کاتێک حەزی لێبێت دۆست و خۆشەویستی دەبێت.
لامین سەرەتا بە ئەلێکس پادیلا دەستیپێکرد، بەڵام دواتر لێیجیابووەوە، پاش ئەوەی تۆمەتبارکرا بە خیانەتکردن لە لامین، کاتێک لە ڤیدیۆیەکدا لەباوەشی کوڕێکی دیکە دەرکەوت، بەڵام لامین هەرزوو خانمێکی دیکەی دۆزییەوە.
دوای پادیلا هاوڕێ نوێیەکەی لامین خانمە مۆدێلێکی بەڕەچەڵەک رووسی بوو بەناوی ئەلیسا، کە ئێستا لە بارسێلۆنا دەژیت و وەک مۆدێل کاردەکات، کە بەم دواییە تەمەنی بووەتە 20 ساڵ، هەرچەندە لامین یامال بەم دواییە تەمەنی بوو بە 17 ساڵ.
کچە هاوڕێی لامین یامال، کچی بازرگانێکی رووسییە، کە لە بواری تەلەڤزیۆندا کاری کردووە، و چالاکییە سەرەکییەکەی ئەلیسا بریتییە لە بواری مۆدە و بەشداری دەکات لە رێکلامکردن و پەرەپێدانی مارکە جیاوازەکانی جلوبەرگ و جوانکاری، هەروەها لە گۆڤارەکاندا دەردەکەوێت، هەروەها لە ئەکاونتەکانی لە سۆشیال میدیادا بەردەوام وردەکارییەکانی ژیانی خۆی بڵاودەکاتەوە.
لە کاتی پشووەکانیدا، ئەلیسا کاتەکانی لە هۆڵی وەرزش بەسەردەبات، هەفتەی 3 تاوەکو 4 جار سەردانی هۆڵی لەشجوانی دەکات.
یەکێک لە خولیاکانی ئەو خانمە رووسییە گەشتکردنە، بەو پێیەی زۆرجار دەچێتە پشووی هاوینە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندین وێنەی بۆ ئەکاونتەکانی دەگرێت.
ئەو خانمە رووسییە تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر دەنگۆی پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەستێرەکەی بارسێلۆنا نەداوە، بەڵام وێنەکانی ئەم دواییەی لە پلاتفۆرمی ئینستاگرام هەستێکی زۆری دروستکردووە، بەو پێیەی دەرکەوت کە درێسی نوێی بارسێلۆنای بۆ وەرزی 2024-2025 لەبەردابوو، ئەمەش وایکرد ئەم هەواڵانە بەشێوەیەکی بەرفراوان بڵاوببنەوە.
دەگووترێت پێش ئەو مۆدێلە رووسییە و ئەلێکس پادیلا، ئایتانا ئۆکانا مۆرالێس هەبوو کە بە ئایتانا ناسراوە، گۆرانیبێژ و ئەکتەر و گۆرانیبێژی ئیسپانییە.
ئەو گۆرانیبێژە ئیسپانییە لەگەڵ ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنا، لامین یامال دەرکەوت، لەکاتێکدا لە دوایین پشوودا بوو، کە یانەکەی دوای بەشداریکردنی لە یۆرۆی 2024 پێیدابوو.
مۆرالێس بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2017 نێوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا، کاتێک لە زنجیرە نوێیەکەی پێشبڕکێی بەهرەمەندەکانی تەلەڤزیۆنی بەناوی Operación Triunfo پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
هەندێک لە نزیکەکانی ئەو یاریزانەی بارسێلۆنا، دەڵێن "لامین بەنیازە لە ئەلیساش جیاببێتەوە، بەڵام باکی بەوە نییە، چونکە هەر کاتێک حەزی لێبێت کەپڵی نوێی دەبێت".
هەروەها دەڵێن "لامین بەبێ خۆشەویست نابێت، چونکە زۆر حەزی لە دۆستایەتی و پەیوەندییە لەگەڵ کچان".
پرۆفایلەکەی
لامین یامال، یان جەمال، لە 13ـی تەممووزی 2007 لە شاری ئێسپلوگوێس دی لۆبرێگات لە ناوچەی بارسیلۆنا لە کەتەلۆنیا لەدایکبووە.
لامین لە دایک و باوکێک بووە، کە دایکەکە ناوی شیلا ئیبانایە، خەڵکی گینیای کەمەرەییە و باوکەکەی نیگارکێشی بیناسازییە و ناوی مونیر نەسراوییە، خەڵکی مەغریبە. دایکی لە شاری باتا لە ویلایەتی ئیکواتۆریالی گینیا لەدایکبووە، باوکی لە شاری لاراش لە باکووری مەغریب لەدایکبووە، ئەمەش وایکردووە لامین یامال بەڕەچەڵەک تێکەڵاوی گینی و مەغریبی بێت.
فاتیمەی داپیرەی، دایکی باوکی بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1988 لە مەغریبەوە رووی لە ئیسپانیا کردووە، دایک و باوکی کاتێک لامین تەمەنی سێ ساڵ بووە جیابوونەتەوە.
لامین لەگەڵ دایکیدا لە ماتارۆوە روویان لە گرانۆلێرز کرد، و لە تەمەنی چوار ساڵیدا دەستی بە یاری تۆپی پێ کردووە لە ئەکادیمیای یانەی لا تۆرێتای ناوخۆیی. لە نێوان ئەو دوو شارەدا ژیاوە بۆ ئەوەی هەرجارێک ماوەیەک کات لەگەڵ دایکی یان باوکیدا بەسەرببات.
لە تەمەنی شەش ساڵیدا لەلایەن بارسێلۆناوە بەهرەکانی دۆزرایەوە و بانگهێشتی مەشق و راهێنانەکانی لاماسیا کرا، لەوێ لە ساڵی 2014 گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی کرد، لە ئەنجامدا رووی لە بارسێلۆنا کرد بۆ راهێنان لە ئەکادیمیاکە.
باشترینەکان
ئێستا لامین یامال یەکێکە لە باشترین یاریزانانی جیهان، هەمووان لەسەر ئەوە هاوڕان کە ئەو داهاتووی تۆپی پێی ئیسپانیا و بارسێلۆنایە، تەنانەت هەندێک کەس بە شوێنگرەوەی لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئەرجەنتین و بارسێلۆنا ناوی دەبەن.
کەتەلۆنییەکان ئێستا دڵیان بەوە خۆشە کە یاریزانێکیان دەستکەوتووە دەکرێت رۆژانی مێسییان بۆ بگەڕێنێتەوە، ئەو مێسییەی مێژووی بارسێلۆنای زۆر دەوڵەمەند کردووە و زۆرینەی هەوادارانی تۆپی پێ بە باشترین یاریزانی هەموو سەردەمەکان دەیزانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ