رافینیا، ئەرجەنتین بەنەفرەت دەکات و دەڵێ تێکیاندەشکێنین

24-03-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هەڵبژاردەی بەرازیل هەڵبژاردەی ئەجەنتین پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رافینیای هێرشبەری هەڵبژاردەی بەرازیل هەڕەشەی تووند لە ئەرجەنتین دەکات و دەڵێ لە نێو یاریگەی خۆیاندا تێکیان دەشکێنین.
 
بەرازیل لە گەڕی 14ی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای لاتین بۆ گەیشتن بەمۆندیالی 2026، بەرەبەیانی چوارشەممە لە یاریگەی مۆنۆمێنتال لە بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین، رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە دەبێتەوە.
 
رافینیا یەکێک دەبێت لەو ئەستێرانەی بەرازیل کە پێشبینیکراوە لە پێکهاتەی سەرەکیی سامبادابێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تانگۆ.
 
رافینیا لە پۆدکاستی تایبەت بە رۆماریۆی ئەفسانەی پێشووی بەرازیل بەشدارییکردووە و لەبارەی یارییەکەوە، رۆماریۆ بە رافینیا دەڵێ، "رووبەڕووی رکابەرە هەمیشەییەکەمان دەبینەوە، سوپاس بۆخوا ئەمجارە ئەوان بەبێ مێسی یارییدەکەن، ئایا ئێمە نزیکین لەبردنەوە لێیان؟".
 
رافینیا بەمتمانەوە لە وەڵامی رافینیادا دەڵێ، "بێگومان.. ئێمە لەنێو یاریگە و دەرەوەی یاریگە لە ئەرجەنتین دەبەینەوە".
 
رۆماریۆ لە پرسیارێکی دیکەدا لە رافینیای پرسیووە، ئایا تۆ گۆڵیان لێدەکەیت؟ ئەو لە وەڵامدا دەڵێ، "بەڵێ هەوڵدەدەم بەهەر رێگایەک بێت گۆڵیان لێبکەم، تێکیاندەشکێنین، بەنەفرەت بن".
 
هەڵبژاردەی بەرازیل لە تاقیکردنەوەیەکی قورسدا هەوڵی یەکەم بردنەوە لە ئەرجەنتین دەدات، پاش نزیکەی شەش ساڵ، کە تێیدا هیچ بردنەوەیەکی بەسەر ئەرجەنتیندا بەدەستنەهێناوە و دوایین سەرکەوتنی بەرازیل بەسەر ئەرجەنتین لە کۆپا ئەمریکای 2019 بوو.
 
ئەرجەنتین لە یاریی یەکەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی داهاتوو لەسەر خاکی بەرازیل بەگۆڵێکی نیکۆلاس ئۆتامێندی سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
ئەرجەنتین پێشەنگی ریزبەندی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشووری بۆ گەیشتن بەمۆندیالی داهاتوو بە 28 خاڵ گرتووە، لە کاتێکدا بەرازیل لە پلەی سێیەمە بە 21 خاڵ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە