"لە فەرەنسا بەڕۆژووبی یاری ناکەی"

رووداو دیجیتاڵ

 

رۆماین مۆلینا، رۆژنامەڤانی فەرەنسی، کە لە بەدواداچوونی هەواڵ و زانیارییە وەرزشییەکاندا بەنێوبانگە، هەندێک زانیاری شۆکهێنەری دەربارەی ئەو یانانەی فەرەنسا ئاشکرا کرد کە پلانی جددیان هەیە لە دژی یاریزانە موسڵمانەکانیان بۆ ئەوەی بێبەشیان بکەن لە رۆژووگرتن لە مانگی رەمەزاندا.
 
مۆلینا لە میانی ڤیدیۆ کلیپێکدا کە لە کەناڵی یوتیوبەکەی بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت "زۆر یانە هەن کە یاریزانە موسڵمانەکانیان کردووەتە ئامانج و رێگە نادەن بەڕۆژوو بن، لەوانەش ڤالێنسیان، مۆناکۆ، رێن، پاریس ئێف سی، کە ئەمەی دووایی زۆر بەربەست بۆ یاریزانە گەنجەکانی ئەوانەی خوار تەمەنی 17 ساڵن دروست دەکەن".
 
مۆلینا جەختی لەوە کردەوە کە هەڕەشەکە هێشتا بوونی هەیە و گوتی "لە مانگی رەمەزاندا بەڕۆژوو بی، واتا یاری ناکەیت". ئەو داوای لە یاریزانە موسڵمانەکان کرد خۆیان بەدەستەوە نەدەن و هەستن بە ئەنجامدانی رێوڕەسمە ئاینییەکانیان، چونکە بەردەوام بێدەنگی دۆخەکە زیاتر و زیاتر خراپتر دەکات".
 
ئەو رۆژنامەڤانە بەنێوبانگەی رایگەیاند "قەدەخەکردنی بەڕۆژووبوون لەنێو هەڵبژاردە  فەرەنسییەکاندا تەنیا لە رۆژانی یارییەکاندا نییە، بەڵکو هەموو رۆژەکانی مەشق و ئامادەکاری دەگرێتەوە، و ئەگەر یاریزانەکە پێداگری لەسەر بەڕۆژووبوون بکات لە داهاتوودا بانگهێشت ناکرێتەوە".
 
فیلیپ دیالۆ، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی فەرنسا بە وەکالەت، لە میانی هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی لیفیگارۆ، باسی لە پاساوی قەدەخەکردنەکە کرد و رایگەیاند کە ئامانجی ئەوەیە بەهاکانی بێلایەنی بپارێزێت و عەلمانیەت جێبەجێ بکات، دواتر هەوڵبدرێت بۆ پاراستنی تەندروستی یاریزانەکان بۆ ئەوەی لە هەمان ئاستی بەرزیدا بمێنێتەوە.