ڤیدیۆ؛ ئەستێرەکان گەیشتنە قۆناخی 32ـی تێنسی مەیامی

24-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
تێنسی مەیامی
تێنسی مەیامی
نیشانەکردن تێنسی مەیامی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆس ئەلکارازی ئیسپانی، پێشەنگی ریزبەندی پاڵەوانێتییەکە هاندەرانی یاریگەی هارد رۆکی بەتواناکانی سەرسامکرد و گەیشتە قۆناخی سێیەمی تێنسی مەیامی.
 
ئەلکاراز بەرامبەر کاربالێس باینای هاونیشتمانی یارییکرد، هەر زوو چووە نێو رکابەرییەکی سەرنجڕاکێش و بە ئاستێکی بەرزەوە کۆمەڵەی یەکەمی بە شەش دوو تەواوکرد.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا هاونیشتمانییەکەی کارلۆس، نەیتوانی گۆڕانکاری لە ئاستیدا بکات ئەو کۆمەڵەیەشی بە شەش یەک دۆڕاند و کارلۆس ئەلکاراس دوای کاژێرێک و 25 خولەک گەیشتە قۆناخی سێیەمی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە قۆناخی 32ـی پاڵەوانێتییەکەدا ئەلکاراز بەرامبەر گایل مۆنفیسی فەرەنسی یاریی دەکات.
 
 
ئەلیکساندەر زڤێرێڤی ئەڵمانی یەکێکی دیکە بوو لە سەرکەوتووەکانی قۆناخی 64ـی پاڵەوانێتییەکە، دوای ئەوە سەرکەوتنێکی ئاسانی بەرامبەر فێلیکس ئوجێ ئالیاسیمی کەنەدی بەدەستهێنا.
 
کۆمەڵەی یەکەمی رکابەرییەکە بە ئاسانی بە شەش دوو لە بەرژەوەندیی تێنسزانە ئەڵمانییەکە تەواو بوو.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا، تێنسزانە کەنەدییەکە هەوڵیدەدا بگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکە، بەڵام زڤێرێڤ رێگەی نەدا و بە شەش چوار ئەو کۆمەڵەیەشی تەواوکرد و گەیشتە قۆناخی داهاتوو.
 
ئالیاسیم لەم ساڵەدا 7 یارییکردووە و هەموو یارییەکانی دۆڕاندووە، زڤێرێڤ یاریی داهاتووی بەرامبەر کریستۆڤەر ئوبانکسی ئەمریکی دەبێت.
 
 
دانیێل مێدڤێدێڤی رووسی هەنگاوەکانی بۆ پارێزگاریکردن لە نازناوەکە دەستپێکرد، کاتێک لە یەکەم یارییدا بەرامبەر ماتن ڤوکسۆڤیچی هەنگاری یارییکرد.
 
تێنسزانە رووسییەکە هەر زوو کۆنتڕۆڵی یاریگەی کرد و کۆمەڵەی یەکەمی بە شەش چوار بردەوە و پێشکەوت.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا مێدڤێدێڤ هیچ بوارێکی نەدایە رکابەرەکەی و بە شەش دوو ئەو کۆمەڵەیەشی تەواو کرد و بە ئاسانی خۆی گەیاندە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە و بەرامبەر کامیرۆن نوریی بەریتانی یاریی دەکات.
 
 
لەسەر ئاستی خانمان، ئیگا شیڤیاتیکی پۆڵەندی و پێشەنگی ریزبەندی باشترین خانمە تێنسزانانی جیهان خۆی گەیاندە قۆناخی قۆناخی داهاتوو، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر کامیلا جۆرجی ئیتاڵی بەدەستهێنا.
 
ئیگا وەکو ئەوەی چاوەڕواندەکرا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و کۆمەڵەی یەکەمی بە شەش یەک بردەوە.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا، هەمان سیناریۆ دووبارەبووەوە، تێنسزانە پۆڵەندییەکە ئەو کۆمەڵەیەشی بەهەمان ئەنجام تەواو کرد و بردنەوەی ژمارە 100ـی لە کاروانی پیشەگەری خۆیدا لەو پاڵەوانێتیانەدا تۆمارکرد کە هەزار خاڵیان لەسەرە و یاریی داهاتووی بەرامبەر لیندا نۆسکۆڤای چیکی دەبێت.
 
نائومی ئۆساکای ژاپۆنی شوێنی خۆی لە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە کردەوە و سەرکەوتنی بەرامبەر یێلینا سڤیتۆلینای ئۆکراینی تۆمارکرد.
 
لە سەرەتای یارییەکەدا ئۆساکا باشتر یارییکرد و کۆمەڵەی یەکەمی بە شەش دوو بردەوە.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا، رکابەرییەکە ئاستێکی بەرزتری بەخۆیەوە بینی، سڤیتۆلینا زۆر هەوڵیدا بگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکە و یارییەکەی بردە تای برێک، بەڵام ئۆساکا ئەو کۆمەڵەیەشی بە حەوت شەش تەواوکرد و خۆی گەیاندە قۆناخی داهاتوو.
 
لە قۆناخی 32 تێنسزانە ژاپۆنییەکە بەرامبەر کارۆلین گارسیای فەرەنسی یاریی دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە