لوکا مۆدریچ داهاتووی خۆی ئاشکراکرد

24-03-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لوکا مۆدریچ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لوکا مۆدریچ، یاریزانی کرواتیی یانەی ریال مەدرید، لە هەفتەی فیفادا لەگەڵ هاوڕێکانی لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی سەبارەت بە داهاتووی خۆی قسەی کردووە و پێیگوتوون، چاوەڕێی هەڵوێستی ریال مەدریدە بۆ ئەوەی بزانێت دەستەوارەی نوێی پێشکێش دەکات یان نا.
 
لوکا مۆدریچ، تاوەکو هاوینی 2024 گرێبەستی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید هەیە، زۆرجار لە یارییەکانی مێرێنگێدا لەسەر کورسی یەدەگ دادەنیشێت.
 
بەگوێرەی تۆڕی دێفێنسیا سێنتڕاڵی ئیسپانی، مۆدریچ لەلایەن هاوڕێکانی لە هەڵبژاردەی کرواتیا پرسیاری لێکراوە سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی؟ ئەویش لە وەڵامدا پێیگوتوون "دەمەوێت چاوەڕێ بکەم، کاتێک دڵنیابووم واژۆی دەکەم. من چاوەڕێی ریال مەدریدم".
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، مۆدریچ مەبەستی لەم قسانەیە ئەوەیە کە بژاردەی یەکەمی ریال مەدریدە، واتا ئەگەر ریال دەستەوارەی پێشکێش بکات، بەدڵنیاییەوە رازی دەبێت گرێبەستەکەی بۆ ساڵێکی دیکە نوێبکاتەوە.
 
دێفێنسیا سێنتڕاڵ بڵاویکردووەتەوە تاوەکو ئێستا نازانرێت کە ئایا ریال مەدرید دەستەوارەی نوێکردنەوەی گرێبەست پێشکێشی مۆدریچ دەکات یان نا و دەڵێت "بەرپرسانی مێرێنگێ پەلە ناکەن لە زانینی بڕیارەکەی یاریزانەکە".
 
هەندێک لە سەرچاوەکانی دیکە باس لەوە دەکەن کە مۆدریچ لە هەردوو خولی سعودیە و ئەمریکییەوە دەستەوارەی پێشکێشکراوە، بەڵام ئەو ئەگەر دەستەوارەی ریال مەدریدی پێنەگەیشت، پێیباشترە لە هەنگاوی داهاتوودا بچێتە خولی ئەمریکی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە