بەبردنەوە لە فەرەنسا، ئەڵمانیا هۆشداریی دایە هەمووان..

24-03-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئەڵمانیا هەڵبژاردەی فەرەنسا بنزیما، ریال مەدرید، هەڵبژاردەی فەرەنسا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەرکەوتن بەئاست و ئەنجامێکی باشەوە و بردنەوە لە نێو فەرەنسادا لە دووەمی جیهان، زیاتر لە موژدە و دڵخۆشییەکی بەهاندەرانی ئەڵمانیا بەخشی لە شەوی دەرکەوتنەوەی هەڵبژاردەکەیاندا کە خۆی بۆ یۆرۆی داهاتوو ئامادە دەکات.
 
ئەڵمانیا و هاندەرەکانی، چەندە بەبردنەوە لە زەبەلاحێکی وەکو فەرەنسا دڵخۆشبوون بەدوو گۆڵی بێبەرامبەر، کە هەوڵی زۆری دەدا یارییەکە نەدۆڕێنێت، ئەوەندەش بەوە دڵخۆشبوون کە ئەڵمانیا لە کۆتاییدا، بەشێک لە دی ئێن ئەیە راستەقینە ئەڵمانییەکەی خۆی پێشاندایەوە و زۆر سووربوو لەسەر بردنەوەی یارییەکە.
 
ئەڵمانیا، ساڵانێکی زۆرە ئەو سووربوون و ویستە گەورەیەی بۆ بردنەوە پێشاننەداوە کە لە بەرامبەر فەرەنسادا پێشانیدا.. چەندین مۆندیال و یۆرۆ تێپەڕین و ئەڵمانیا هەر نوقمی نێو گێژاوی ئەنجامی خراپ و دەرنەکەوتنی یاریزانی باش و یەکلاکەرەوەبوو لە ریزەکانیدا، یارییەکەی فەرەنسا دەکرێ لانیکەم ئارامییەکی دەروونی بەئەڵمانیا ببەخشێت کە پێویستی بەدۆزینەوەی هەموو خاڵێکی پۆزەتیڤ هەیە، تاوەکو وەک سەرەتای ئومێد دەستی پێوەبگرێت.
 
یولیان نایگێلسمان راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، لەدوای یارییەکە دووپات لەوە دەکاتەوە، کە زۆر دڵخۆشە، ئەو ساڵی رابردوو بۆ هەڵبژاردەکەی، بەساڵێکی ئاڵۆزی پڕ لە گرێوگۆڵ ناودەبات.
 
نایگێلسمان دەڵێ، "دڵنیانیم لەوەی کە روویدا ئاسوودەبەخش بێت، بەڵام من دڵخۆشم بەوەی لە تیپەکەمم بینی لە یارییەکەدا. کۆتایی ساڵی 2023 زۆر ئاڵۆز بوو، لەبەرئەوە من زۆر دڵخۆشم بۆ یاریزانەکانم، چونکە ئەوان ۆرحێکی نوێیان هەیە و پێموایە بردنەوەکەش متمانەیان لەناخدا دروستدەکات. ئێمە دەبێ لەسەر هەمان ریتم بەردەوام بین، وەکئەوەی لەم یارییەدا کردمان و دەبێ پابەندبین بەم ئاراستەیەوە، بەدڵخۆشییەوە یاریی بکەین. تیپەکە ئەو پلانەی بەتەواوی جێبەجێکرد کە دامنابوو بۆ یارییەکە، لەبەرئەوە من وەکخۆم زۆر دڵخۆشم".
 
نوشست و شکستەکانی ساڵانی رابردووی ئەڵمانیا و دەرکەوتنی هەڵبژاردەکە بەدۆخێکەوە کە جێگەی ئیرەیی هیچ کەسێک نەبوو، متمانەبەخۆبوونی ئەڵمانیای لە هەموو ئاستەکاندا بەخۆی زۆر هێنایە خوارەوە، دۆخەکە بەئاستێک گەیشت، ئەڵمانییەکان سوپاسگوزاربن وڵاتەکەیان میوانداریی یۆرۆ دەکات، ئەگەرنا دوورنەبوو ئەڵمانیا نەتوانێ بەشداریی یۆرۆ بکات.
 
یارییەکەی فەرەنسا، دەکرێ سەرەتای ئەو وەرچەرخانەبێت کە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا پێش یۆرۆ زۆر پێویستی پێیەتی، تاوەکو بەدڵنیاییەکی زیاترەوە لە داهاتوو بڕوانێت.
 
راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا جەخت لەسەر گەڕان بەدوای چێژدا دەکاتەوە بۆ یاریزانەکانی، ئەو دووپاتیدەکاتەوە کە پێویستە هەنگاوەکان بەئاراستەی دڵنیایی بن لە ئاستی هەڵبژاردەکە، بەرلەوەی یۆرۆی داهاتوو دەستپێبکات.
 
یولیان دەڵێ، "دەمانەوێت یاریزانەکانمان ببینین پێکەوە چێژ لە یاریکردن وەردەگرن، دەمانەوێت دڵنیابنەوە لەوەی کە دەتوانن هەندێک شتی نوێ تاقیبکەنەوە ئەگەرچی مەرج نییە هەموو جارێکی ئەنجامی باشی هەبێت. ئێمە دەبێ شتەکان تاقیبکەینەوە و کاتێک دەگەینە سەرکەوتن، ئەوکات دەگەینە بردنەوە و ئەمەش شتێکی باشە. ئێمە ئێستا لەبەردەم یۆرۆداین لەسەر خاکی خۆمان و هەموو توانای خۆمان دەخەینە کار بۆ ئەوەی باشترین تیپمان هەبێت، لە باشبوون بەردەوام دەبین. بەڵام بەهەمان ئەو شێوازەی پێیەوە دەرکەوتین و چێژی زۆرمان بەخشییە هەمووان".
 
بۆ ئەڵمانییەکان گرنگترین خاڵی ئێستا ئەوەیە، هەڵبژاردەکەیان بەدۆخێکی باشتر و رۆحیەتێکی باڵاترەوە یەکەم یاریی خۆی لە هاوینی ئەمساڵدا لە نێو ئالیانز ئەرێنا ئەنجام بدات و ئەوە پێشان بدات توانای گەیشتن بەیاریگەی ئۆڵۆمپیی بەرلینی هەیە لە یاریی کۆتایی یۆرۆی 2024دا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە