ڤیدیۆ؛ ئامانجەکەی ریال مەدرید مێژوویەکی گەورەی تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

تەنیا یەک گۆڵی بەدرێسی هەڵبژاردەکەیەوە تۆمارکردووە، بەڵام گۆڵەکەی بووە گۆڵێکی مێژوویی و لەبیر نەکراو، ئەو فلۆریان فیرتز، یاریزانی لاوی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی بایرلیڤەرکوزنە.
 
فیرتز بەهۆی ئەو ئاستەبەرزەی لەگەڵ یانەی بایرلیڤەرکوزن پێشکێشی دەکات، بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بانگهێشتکراوە و یاریزانەکە لە یاریی دۆستانەی بەرامبەر فەرەنسا، گۆڵێکی مێژوویی و لەبیرنەکراوی تۆمارکرد.
 
یارییەکە تەنیا 7 چرکەبوو دەستیپێکردبوو، کاتێک فیرتز بە ئاسیستێکی تۆنی کرووس، گۆڵێکی جوان و سەرنجڕاکێشی تۆمارکرد.
 
گۆڵەکەی ئەو یاریزانە لاوە، دوو ریکۆردی تۆمارکرد، یەکەمیان بووە دووەم خێراترین گۆڵ لە مێژووی تۆپی پێی هەڵبژاردەکانی ئەوروپادا، دوای ئەو گۆڵەی کریستۆف باومگارتنەر، یاریزانی هەڵبژاردەی نەمسا دوای تەنیا 6 چرکە بەرامبەر هەڵبژاردەی سلۆڤاکیا تۆمارکرد.
 
ریکۆردەکەی دیکەی فلۆریان فیرتز، تایبەتە بە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و ئەو گۆڵە بووە خێراترین گۆڵی لە مێژووی تۆپی پێی هەڵبژاردەکەدا.
 
فیرتز تەنیا 15 یاریی بۆ مانشافت کردووە و خاوەنی گۆڵێکە، لەگەڵ بایرلیڤەرکوزن ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات و یەکێکە لەو یاریزانانەی ریال مەدرید کار بۆ گواستنەوەی دەکات و چاودێریی دەکات.
 
یاریزانە ئەڵمانییەکە لەبارەی داهاتووی خۆیەوە دەڵێت "لەم رۆژانەدا سەرنجم لەسەر هەڵبژاردەی ئەڵمانیایە، بەڵام پلانی زۆرم لەگەڵ بایرلیڤەرکوزن هەیە."
 
فیرتز زیاتر گوتی "نازانم چابی ئەڵۆنسۆ بەنیازی چییە و چی دەکات، بەڵام پلانەکەم روونە."
 
فلۆریان فیرتز تەمەنی 20 ساڵە، گرێبەستەکەی لە هاوینی 2027 کۆتاییدێت، ئێستا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا نرخەکەی دەگاتە 100 ملیۆن یۆرۆ.