ڤیدیۆ؛ نماییشێکی تێکەڵ لە توندوتیژی زۆرانبازی و نەرمونیانی سەما

رووداو دیجیتاڵ

 

نمایشی لوچا ڤاڤۆم جارێکی دیکە گەڕایەوە، کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ بوو بەهۆی کۆرۆناوە وەستابوو.
 
ئەو نمایشە، کە لە لۆس ئەنجلس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، بریتییە لە تێکەڵەیەک لە توندوتیژی زۆرانبازی و نەرمونیانی سەما.
 
ئەم نمایشە جارێکی دیکە هونەرمەندان و زۆرانبازە بەنێوبانگەکانی پێکەوە لە هۆڵێکدا کۆکردەوە، بۆ ئەوەی بە نمایشی تێکەڵ لە زۆرانبازی ئازاد و سەماکردن دڵی ئامادەبووان خۆش بکەنەوە.
 
لە دیمەنێکدا ڤیرۆنیکا یونی لە کاتێکدا نزیکە لە کۆتاییهێنان بە سامە نمایشییەکەی، دوو زۆرانبازی دەمامکدار لە تەنیشتییەوە دەردەچن بۆ رووبەڕووبوونەوەی دێرتی سانچێزی شەڕانگێز، لە کاتی بەڕێوەچوونی شەڕەکەیاندا سەماکارەکە هاواردەکات "ئێمە هێشتا لە ژیانداین".
 
ئەم نمایشە بەر لە 20 ساڵ دەستیپێکردووە، کاتێک لیز ڤێربیۆنی خانمە سەماکاری ئەمریکی لەپێناو پەیوەندییە سۆزدارییەکەی لەگەڵ زۆرانبازێکدا، کە لە مەکسیک ناسی وازی لە هەموو شتێک هێنا، ئیدی لیز ئەو بیرۆکەیە لەگەڵ خۆیدا هێنایەوە ئەمریکا و جێبەجێیکرد و سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
ئەو نمایشە لە ئەمریکا خاوەن هەوادارێکی زۆرە، بە بەڵگەی ئەوەی هۆلی مایان تیاتر، کە نمایشەکەی تێدا بەڕێوەدەچێت، جێگەی 1700 کەس دەکاتەوە و لە هەر نمایشێکدا هەموو بلیتەکان دەفرۆشرێن.