ڤۆلفسبۆرگ بووە یەکەم یانەی 5 خولە گەورەکە دەست بە مەشقەکانی بکاتەوە

رووداو - هەولێر 

یانەی ڤۆلفسبۆرگی ئەڵمانی دەستی بە مەشقەکانی کردەوە و بووە یەکەم یانە لەنێو سەرجەم یانەکانی 5 خولە گەورەکەی تۆپی پێی ئەوروپادا دەست بە مەشقەکانی بکاتەوە، کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە یاری و مەشقەکانیان راگیراون.

سەرەڕای ئەوەی یارییەکانی بۆندسلیگا تاوەکو 3ی نیسان راگیراون، لە چوارچێوەی رێوشوێنەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام یانەی ڤۆلفسبۆرگ بڕیاریدا دەست بە مەشقەکانی بکاتەوە.

یانەکە لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمی خۆیەوە رایگەیاند یاریزانەکانی دەست بە مەشقەکانیان دەکەنەوە، بەڵام لەسەر یاریگەی چیمەن نا، بەڵکو یاریزانەکان دابەشی سەر 4 گرووپ دەکەن و مەشقەکان لەنێو هۆڵی وەرزشیدا دەکەن.

ڤۆلفسبۆرگ لە بڵاوکراوەیەکدا دووپاتیکردەوە هەموو رێوشوێنە پێویستەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگرنەبەر و پاک و خاوێنی هۆڵەکەش دەپارێزن.

هەموو یانەکانی خولە گەورەکانی ئەوروپا لە ترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە مەشق و راهێنانەکانیان راگرتووە، بەڵام یاریزانەکانیان ناچارکردووە لە ماڵەکانیان مەشق و راهێنان بکەن.