نەیمار گەڕایەوە مەشقەکانی بەرازیل


رووداو - هەولێر

نەیمار دا سێلڤای ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل گەڕایەوە مەشقە بە کۆمەڵەکانی هەڵبژاردەکەی پاش وەرگرتنی رەزامەندی پزیشکەکانی هەڵبژاردەکەی، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر هەستی بەهەندێک ئازار کردبوو.

نەیمار لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل خۆی بۆ پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2018 ئامادە دەکات و رووبەڕووی ئۆرگوای دەبێتەوە.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل رایگەیاند ئەستێرەکەی بارسێلۆنا ناچاربووە مەشقەکانی هەڵبژاردەکەی بەجێبهێڵێت و روو بکاتە یەکێک لە نەخۆشخانەکان بۆ پشکنینی پزیشکی و دوای پشکنینەکان دەرکەوتووە هیچ پێکانێکی نییە و بەوەش دەستی بەمەشقی بەکۆمەڵ کردووەتەوە.

بەرازیل دوو یاری گرنگ لە پاڵاوتنەکاندا ئەنجامدەدات و رۆژی 25ی مانگ بەرامبەر ئۆرگوای لەسەر یاریگەی خۆی یاریدەکات و پاش چوار رۆژیش دەبێتە میوانی پاراگوای لەسەر یاریگەی ئەسۆنسیۆن.

لە پاڵاوتنەکاندا بەرازیل پلەی سێیەمی گرتووە بە 7 خاڵ و 5 خاڵ لە ئیکوادۆری پێشەنگەوە دوورە.