مۆدریچ ساڵێکی دیکەش لە ریال مەدرید دەمێنێتەوە

24-02-2025
دیاری حەسەن
نیشانەکردن لوکا مۆدریچ یانەی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
چەند سەرچاوەیەک ئەوەیان خستەڕوو کە وا بڕیارە لوکا مۆدریچ، ئەفسانەی یانەی ریال مەدرید، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە درێژبکاتەوە.
 
لوکا مۆدریچ، ئەستێرە 39 ساڵانەکەی ریال مەدرید، سەرەڕای گەورەیی تەمەنی، ئاستێکی نایابی هەیە کە یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی یانەکەی لە رکابەریکردن لەسەر سەرجەم نازناوەکان بەردەوامبێت، ئەو یاریزانە لە دوایین یاریدا لەگەڵ ریال مەدرید، بە گۆڵێکی ناوازە یانەکەی سەرخست بەسەر جیرۆنا، گۆڵەکەی لوکا مۆدریچ بووە سەردێڕی میدیاکان و لە هەموو شوێنێک باس باسی ئەو گۆڵەیە.
 
هەمووان پرسیاری ئەوەیان دەکرد، ئایا یانەی ریال مەدرید گرێبەستی مۆدریچ نوێدەکەنەوە و بۆ ساڵێکی دیکەش لەگەڵ یانەکە بەردەوام دەبێت؟
 
سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو ئەوەی خستەڕوو کە لوکا مۆدریچ، گرێبەستێکی نوێی پێشکەش دەکرێت و هیچ ناڕوونییەک لەسەر داهاتووی نییە، ئەو یاریزانە وەرزی داهاتووش لە ریال مەدرید دەبێت، تەنانەت بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی خۆی بڕیاری رۆیشتن لە ریزەکانی ریال مەدرید بدات.
 
مۆدریچ لەم وەرزەی لالیگا، 9 یاری سەرەکی بووە، 2 گۆڵ و 3 ئەسیستی کردووە، ئەو بەو ئەزموونە نایابەی، یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی یاریزانە لاوەکانی ریال مەدرید لێیەوە فێرببن  و هەردەم وەک سەرکردەیەک لە ناو یاریگە و لە ژووری جلگۆڕین دەرکەوتووە، سەرەڕای ئەوەی ئەو بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی پێ نابەسترێت، بەڵام هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی بژاردەکانی ئەنچیلۆتی زیاتر بن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە