رووداو دیجیتاڵ
جیهاد ئاکیپا، ئەستێرەیەکی کوردستانییە لە یارییەکانی ئێم ئێم ئەیدا و لەسەر سەرکەوتن و ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و بردنەوەیەکی دیکەی تۆمارکرد.
ئاکیپا ئەمجارە لە دووەم یارییدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لە رکابەرێکی سێربیی بردەوە و سەرکەوتنەکانی گەیاندە 50 بردنەوە.
جیهاد ئاکیپا، لەبارەی ئەو یارییەوە بە رووداوی گوت "ئامادەکارییەکی زۆرباشم بۆ یارییەکە کردبوو، دڵخۆشم بەو بردنەوەیەی تۆمارمکرد و ئەوەی زیاتر دڵخۆشم دەکات ئەو پاڵپشتییە بەهێز و بەردەوامەی کوردانی هەموو پارچەکانی کوردستانە و ئەوە هێزی زیاترم پێدەدات."
جیهاد ئاکیپا، یاریزانێکی گەنجی یاریی زۆرانبازیی ئازاد ناسراو بە MMAـە، پێشتر یاریزانی یاریی کیک بۆکسینگ بوو، سەرەتای ئەم مانگە لە یارییەکی بەهێزدا بەرامبەر ماتۆش کۆهۆوتی چیکی و پاڵەوانی پێشووی ئەورووپا یارییکرد.
یاریزانە کوردەکە رکابەرییەکی بەهێزی پاڵەوانە چیکییەکەی کرد و توانیی یارییەکە لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلاکردەوە، ئەو یارییە جیهادی زیاتر بە جیهان ناساند.
جیهاد، خەڵکی نسێبینی باکووری کوردستانە، تەمەنی 28 ساڵە و لە ئەڵمانیا لە دایکبووە، بەردەوام لە یارییەکانیدا ئاڵای کوردستانی پێیە و ملوانکەیەکیشی لە ملە کە نەخشەی کوردستانی لەسەرە.
ئێستا یاریزانە کوردستانییەکە لە ئاستێکی پڕۆفیشناڵی ئێم ئێم ئەیدا یاری دەکات و لە کێشی 70 کیلۆگرامیدا رکابەری دەکات و کاتێکیش یارییەکان دەباتەوە، بە ئاڵای کوردستانەوە دەردەکەوێت و دەڵێت "بژی کورد و کوردستان".
جیهاد ئاکیپا لە کاروانی یارییکردنیدا لە پاڵەوانێتییەکانی ئێم ئێم ئەیدا، 50 یاریی بردووەتەوە و چاوی لەوەیە ببێتە یەکێک لە دیارترین یاریزانەکانی ئەو یارییە لەسەر ئاستی هەموو ئەورووپا، کە ئێستا بۆ ئەڵمانیا یاری دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ