"بارسێلۆنا شوێنگرەوەی چاڤی لە سعودیە دەدۆزێتەوە"

رووداو دیجیتاڵ

 

خوان بێریوس، بەڕێوەبەری کارەکانی مارسێلۆ گایاردۆی ئەرجەنتینی، راهێنەری یانەی ئیتیحادی سعودی، ئامادە نەبوو هیچ شتێک لەبارەی سوپرایزێکی ئاگرینەوە ئاشکرابکات، کە پەیوەندی بە گایاردۆ و یانەی بارسێلۆنای ئیسپانییەوە هەیە.
 
میدیاکان باس لەوە دەکەن کە یانەی بارسێلۆنا، پێشنیازی کردووە لە هاوینی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ گایاردۆ بکات و بیکاتە شوێنگرەوەی چاڤی هێرناندێز.
 
گایاردۆ لە 18ـی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، بەفەرمی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی ئیتیحادی گرتە ئەستۆ، و شوێنی نونۆ سانتۆی راهێنەری پۆرتوگالی گرتەوە، کە ماوەی گرێبەستی راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە لەگەڵ یانە سعودییەکە تاوەکو هاوینی 2025 درێژدەبێتەوە.
 
خوان بێریوس، هەوڵیدەدا ئەو شتانە رەتبکاتەوە کە سەبارەت بە دانوستاندنەکانی بارسێلۆنا بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ گایاردۆ وروژێنراون، بەتایبەتی کە راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە ئێستا بیر لە سەرکردایەتیکردنی یانەی ئیتیحاد دەکاتەوە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکان.
 
بەڕێوەبەری کارەکانی مارسێلۆ گایاردۆ ئاماژەی بەوەشکرد، دۆسیەیەک کە گایاردۆ بیری لێدەکاتەوە دۆسیەی گرێبەستەکان و بەهێزکردنی ریزەکانی تیپەکەیە بۆ وەرزی داهاتوو.
 
ئەم لێدوانانەی بەڕێوەبەری کارەکانی مارسێلۆ گایاردۆ، ئاماژەن بۆ بەردەوامبوونی راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە بۆ وەرزی داهاتوو لەگەڵ  یانەی ئیتیحاد.
 
یانەی ئیتیحاد بە کۆکردنەوەی 34 خاڵ لە 20 یارییدا پلەی پێنجەمی خولی رۆشنی سعودی گرتووە، کە یانەی هیلال بە کۆکردنەوەی 56 خاڵ پێشەنگی رکابەرییەکەی گرتووە.
 
یانەی ئیتیحاد بە سەرۆکایەتی گایاردۆ رکابەری لەسەر نازناوی جامی شا دەکات، کە تیپەکە بە بردنەوەی لە یانەی فەیسەلی بە ئەنجامی 4-0 گەیشتووەتە قۆناخی پێش کۆتایی.
 
هەروەها لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، یانەکە گەیشتووەتە قۆناخی چارەکی کۆتایی، دوای ئەوەی بە ئەنجامی 2-1 لە یانەی ناڤباخۆری ئوزبەکستانی بردەوە.