بڕگەیەکی سەرنجڕاکێش لە گرێبەستی نێوان ریال مەدرید و ئێمباپێدا ئاشکرابوو

24-02-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ ریال مەدرید باڵۆن دۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بڕگەیەکی سەرنجڕاکێش لە گرێبەستی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی لەگەڵ ریال مەدریددا هەیە و پەیوەندی بە باڵۆن دۆرەوە هەیە.
 
ماڵپەڕی فۆت مێرکاتۆ بڕگەیەکی ورووژێنەری لە گرێبەستەکەی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید ئاشکرا کردووە، کە پەیوەندی بە تۆپی ئاڵتونییەوە هەیە و دەڵێت "رێککەوتنێک لە نێوان ئێمباپێ و ریال مەدریددا کراوە ئەگەر یاریزانەکە تۆپی زێڕین بباتەوە".
 
دوای ئەوەی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا، یانەی پاریس سانجێرمان لە رۆیشتنی ئاگادارکردەوە، ئێمباپێ نزیکە لە چوونی بۆ ریزەکانی ریال مەدرید.
 
ماڵپەڕە فەرەنسییەکە بڵاویکردەوە، ئێمباپێ کە تەمەنی 25 ساڵە، ئەگەر لەگەڵ یانەی ریال مەدرید خەڵاتی باڵۆن دۆر بەدەستبهێنێت، خەڵاتێکی گەورە وەردەگرێت، کە لە سەرچاوە نزیکەکانی ریال مەدریدەوە بڵاوکراوەتەوە کە بڕی پاداشتەکە دەگاتە 15 ملیۆن یۆرۆ.
 
ئێمباپێ هەرگیز باڵۆن دۆری بەدەست نەهێناوە، لە ریزبەندیی سێیەمی لیستی ساڵی 2023ـدا بوو لە دوای لیۆنێل مێسی براوەی خەڵاتەکە و ئێرلینگ هالاند، کە پلەی دووەمی بەرکەوت.
 
ماڵپەڕی فۆت مێرکاتۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، دانانی ئەم بڕگەیە لەلایەن ریال مەدریدەوە زۆر سەرسوڕهێنەر نییە، بەو پێیەی پێشتر لە ماوەی رابردوودا ئەم کارەی کردووە، کە کەریم بنزیما لە کاتی بردنەوەی باڵۆن دۆری ساڵی 2022 یەک ملیۆن یۆرۆی وەرگرتووە، هەروەها گرێبەستەکەی بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە نوێکردەوە.
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر رۆژنامەی مارکای ئیسپانی وردەکاریی تەواوی گرێبەستەکەی کیلیان ئێمباپێی لەگەڵ ریال مەدرید ئاشکراکرد.
 
بەگوێرەی ئەو رۆژنامەیە پێشتر رێککەوتنێک لەنێوان ریال مەدرید و ئێمباپێدا هەبووە کە دوو هەفتە لەمەوبەر روویداوە، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێمباپێ لە 1ـی تەممووزی داهاتووەوە دەبێتە یاریزانی ریال مەدرید، بۆ ماوەی 5 ساڵی داهاتوو.
 
مارکا ئاماژەی بەوەشکردووە، مووچەی ئێمباپێ لەگەڵ یانەی ریال مەدرید ساڵانە لەنێوان 15 بۆ 20 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.
 
روونیشیکردەوە، پاداشتی گرێبەستکردنەکە نادیارە، بەڵام کەمترە لەو پارەیەی کە ئەگەر لە هاوینی 2022 رووی لە یانەی ریال مەدرید کردبایە، وەریدەگرت، واتە کەمتر لە 130 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.
 
پاداشتەکە بۆ ماوەی 5 ساڵ بە پێنج قیست پێیدەدرێت، بەمەش کۆی ئەو بڕە پارەیەی کە ئێمباپێ ساڵانە بە مووچە و پاداشت وەریدەگرێت دەگاتە نزیکەی 50 ملیۆن یۆرۆ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە