ڤیدیۆ؛ ئەلۆنسۆ بەردەوامە لە نووسینەوەی مێژوو لەگەڵ لیڤەرکوزن

رووداو دیجیتاڵ

 

بایەرلیڤەرکوزنی پێشەنگی خولی ئەڵمانیا، بەسەرکردایەتی چابی ئەلۆنسۆ، بەردەوامە لە سەرکەوتنەکانی و ئەمجارە بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە یانەی ماینزی میوانەکەی بردەوە و ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی لەسەر ئاستی ئەڵمانیا تۆمارکرد، کە 33 یارییە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا نادۆڕێت.
 
گرانیت ژاکا، لە خولەکی سێدا گۆڵی یەکەمی خۆی بۆ بایەرلیڤەرکوزن لەدوای سی و یەک یاریدا لەگەڵ یانەکەی تۆمارکرد و بایەرلیڤەرکوزنی پێشخست.
 
بەڵام دۆمینیک کوهەر دوای تەنیا پێنج خولەک بە لێدانی سەر گۆڵی یەکسانکردنەوەی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد.
 
تیپی خاوەن یاریگە بە تووندی گوشاری خستە سەر تیپی میوان بۆ ئەوەی پێشبکەوێتەوە، و سەرکەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی ئەمە لە رێگەی رۆبەرت ئەندریچەوە کاتێک لە خولەکی 68ـدا توانی تۆڕی گۆڵی ماینز بهەژێنێت.
 
هیواکانی ماینز زۆر لاواز بوون کاتێک دە خولەک پێش کۆتاییهاتنی یارییەکە، یاریزانەکەی جێسێک نگام بە کارتی سوور دەرکرا.
 
یارییەکە بە ئەنجامی 2-1 بۆ بایەرلیڤەرکوزن کۆتاییهات و جیاوازی نێوان خۆی و بایرن میونشنی بۆ 11 خاڵ زیادکرد، هەرچەندە یارییەکی زیاتری ئەنجامداوە. 
 
لە بەرامبەردا ماینز کە کۆتایی هەفتەی رابردوو بۆ یەکەمجار لە 12 یارییدا سەرکەوتنێکی بەدەستهێنا، گەڕایەوە سەر رێچکەی دۆڕان و بە 15 خاڵ لە پلەی پێشکۆتایی ریزبەندیدا مایەوە.