هەولێر و لوئەی چاویان لە یەکەم بردنەوەیە، سەرهەنگ موحسین رکابەری یانەی پێشووی دەکات

24-02-2021
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی هەولێر سەرهەنگ موحسین
A+ A-


رووداو دیجیتال 

لە درێژەی یارییەکانی دەستپێکی قۆناخی دووەمی خولی یانە نایابەکانی عێراق، یانەی هەولێر لە دهۆک بەرامبەر یانەی ئەمانە بەغدا یارییدەکات و سەرهەنگ موحسینیش رووبەڕووی یانەی پێشووی دەبێتەوە.

یانەی هەولێر بەسەرپەرشتی لوئەی سەڵاحی راهێنەر و گۆڵکاری پێشووی یانەکە ئامادەکارییەکی زۆری کردووە و دەیانەوێت بە بردنەوەی سێ خاڵ دەست بە رکابەرییەکانی قۆناخی دووەم بکەن، لەبەرئەوەی لە قۆناخی یەکەمدا یانەکە ئاستێکی بەرزی پێشکەش نەکرد، بەشێوەیەک 19 خاڵی کۆکردەوە و لە پلەی پازدەیەمی ریزبەندە.

لوئەی سەڵاح، راهێنەری یانەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: " دڵخۆشم بە گەڕانەوە بۆ یانەی هەولێر و بە یانەی خۆمی دەزانم، گەڕاوەتمەوە ناو خانەوادە و خەڵکی بەڕێزی هەولێر، هاتووم بۆ ئەوەی یانەی هەولێر بگەڕێنمەوە سەر ئەنجامە باشەکان، لەبەرئەوەی لەم رۆژەدا پێویستە هەموومان هەوڵبدەین بۆ هەستانەوەی تیپەکە".

لە یەکەم یاری وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی عێراق یانەی هەولێر بەئەنجامی دوو گۆڵی خاوێن لە یانەی ئەمانە بەغدای بردەوە، سەرەڕای ئەوەی لەم یارییەدا هەریەک لە یاریزانان ئەرکان ئەمیر و نەوزاد حەمید یاری ناکەن، بەڵام درێس زەردەکان دەیانەوێت سیناریۆی یاریی یەکەمیان بەرامبەر ئەمانە بەغدا دووبارە بکەنەوە.

سەڵاح روونیشکردەوە، یارییەکانی خولی عێراق لە وەرزی ئەمساڵ هەمووی قورسە، ناتوانی پێشبینی ئەنجامەکان بکەیت، هەموو تیپەکان چاوییان لە ئەنجامی باشە و یاریزانی ئاستبەرز و پیشەگەریان هەیە، ئێمە پێویستمان بەوەیە لە هەموو یارییەکاندا بۆ بردنەوەی سێ خاڵ تێبکۆشین، چونکە شوێنمان لە ریزبەندی خولەکەدا باش نییە.

سەرهەنگ موحسین، گۆڵپارێزی ناسراوی کورد سەرکردایەتی یانەی ئەمانە بەغدا دەکات، وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و رۆڵی هەبووە لە ئەنجامە باشەکانی یانەکە لە خولی عێراق.

ئەم گۆڵپارێزە لەبارەی رووبەڕووبونەوەی یانەی هەولێر کە شوێنی دەرکەوتنی بوو، بە رووداو گوت: " هەستێکی خۆشم هەیە کە رووبەڕووبوونەوەی ئەم جارەشم لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری نییە، چونکە نامەوێ لەو یاریگایە لە دژی هەولێر بجەنگم کە ماوەی 18 ساڵ لە یانەی هەولێر لەو یاریگایە یادگاریی شیرین و پڕ لە شانازیم هەیە، هیوادارم هەمووان لەوە تێبگەن کە ئەمە وەرزشە و تا بتوانم، هەوڵ دەدەم پیشەگەرانە پارێزگاری لە گۆڵی تیپەکەم بکەم".

سەرهەنگ زیاتر گوتی: " وەک هەر یارییەکی دیکە خۆیان بۆ یارییەکەی بەرامبەر هەولێر ئامادەکردووە و دەیانەوێت سێ خاڵی یارییەکە ببەنەوە".

یاریی نێوان هەردوو یانەی هەولێر و ئەمانە بەغدا، کاژێر 13:00 لە یاریگەی دهۆک دەکرێت، یاریگەکە بە یاریگەی یانەی هەولێر هەژمار دەکرێت، بەهۆی ئەوەی کە یاریگەی فرانسۆ هەریری نۆژەندەکرێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە