ڤیدیۆ؛ چیرۆکی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی باسکە

رووداو - هەولێر

یاریزانی باسکەی بۆسنی نیهاد جیدۆڤیچ، کە یاری بۆ یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دەکات، جارێکی دیکە دووپاتیکردەوە "من زڵاتان نیم".
     
نیهاد تەمەنی 29 ساڵە و بەهۆی وێکچوونی زۆری لەگەڵ زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی یاریزانی سوێدی یانەی میلانی ئیتالی، لە سۆشیال میدیا بە زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی باسکە ناودەبرێت، بەڵام وادیارە ئەو پێیناخۆشە وایپێبڵێن.

کێشەکانی نیهاد ئەوکاتە دەستییان پێکرد کە بڕیاریدا قژی خۆی درێژ بکات، کە بەهۆیەوە چەندینجار هەوادارانی ئیبراهیمۆڤیچ رایدەگرن، لەبەرئەوەی وادەزانن زڵاتانە، ئەوەش ئەوی زۆر بێزارکردووە. 

ئەو یاریزانەی باسکەی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، کە پێشتریش لە خولی باسکەی ئەمریکی یاری کردووە، دەڵێت "دوای ئەوەی قژی خۆم درێژکردووە، هەر رۆژێک یەکێک رامدەگرێت یان وێنەی من لە سۆشیال میدیا بڵاودەکاتەوە گوایە من زڵاتانم".

نیهاد بەسەرهاتێکی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت "جارێک چوومە پاریس، خەڵکی سەڕەیان گرتبوو، هەر کەس منی دیتبا وێنەیەکی لەگەڵ دەگرتم، وایدەزانی زڵاتانم". 

لە راستیدا بنچینەیان دەچێتەوە سەریەک، چونکە زڵاتان ئەگەرچی لە سوێد لەدایک بووە، بەڵام لە باوکێکی بۆسنی موسڵمان و دایکێکی کرواتی کاسۆلیک بووە، نیهادیش بۆسنییە و خاوەنی وڵاتینامەی بۆسنییە. 

درێژی باڵای نیهاد 196 سانتیمەترە و درێژی باڵای زڵاتانیش 195 سانتیمەترە، ئەمەش وایکردووە ئەو دووانە زیاتر لەیەک بچن، ئەگەرچی نیهاد 9 ساڵ لە زڵاتان بچووکترە.

لایەنێکی دیکەی وێکچوونی نێوان نیهاد و زڵاتان ئەوەیە کە زڵاتان یاری بۆ چەندین یانە کردووە و نیهادیش وەک ئەو یاری بۆ 8 یانەی باسکە کردووە.

نیهاد هەڵسوکەوتێکی سەیر و جوان دەکات بۆ ئەوەی چیدی خەڵکی ئەو بە زڵاتان نەزانن. زڵاتان کتێبێکی لەسەر ژیانی خۆی بڵاوکردووەتەوە بە ناونیشانی "من زڵاتانم"، نیهاد وێنەی بەرگی ئەو کتێبەی زڵاتانی هێناوە، لەجیاتی وێنەی زڵاتان وێنەی خۆی داناوە و نووسیویەتی "من زڵاتان نیم" و بەوشێوەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە.