پەیامێکی تووند لە خیسوس کاساسەوە بۆ یاریزانانی عێراق


رووداو دیجیتاڵ

خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، سەرەڕای بەدەستهێنانی سێیەم سەرکەوتنی لەسەریەک لە جامی ئاسیادا و گەیشتنیان بە قۆناخی شازدە، پەیامێکی تووند ئاراستەی یاریزانەکانی دەکات و دەڵێت "ئەوەی لە مەشقەکاندا کارمان لەسەری کردجێبەجێنەکرا."
 
کاساس دوای بردنەوەیان لە ڤێتنام بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ و بەدەستهێنانی سێیەم بردنەوەی لەسەریەک لە جامی ئاسیادا گوتی "سەرسام نەبووم بە ئاستی تیپەکەم بەرامبەر ڤێتنام، ئێمە لە مەشقەکاندا هۆشداریمان لەبارەی هەندێک شتەوە دابوو، بەڵام هیچ یەکێکیان جێبەجێنەکرا."
 
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق زیاتر گوتی "یارییەکە زەحمەت بوو، بەهۆی ئەوەی بەشداری بە هەندێک یاریزانی نوێ کرد، نازانم لە قۆناخی 16 رووبەڕووی کێ دەبینەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە یارییەکانی قۆناخی کرانە دەرەوە بۆ هەمووان زەحمەت دەبن."
 
کاساس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "ئێمە پێویستیمان بە هەمەچەشنی هەیە لەنێو یاریزانەکاندا، بەهۆی ئەوەی هەر یارییەک دۆخ و کەشی خۆی هەیە."
 
راهێنەری عێراق بە رۆژنامەڤانانی گوت "بەپێی دۆخی هەر یارییەک مامەڵە دەکەین و ناتوانین لەوە زیاتر چاوەڕوانبکەین یان خەیاڵ بکەین."
 
دوای بردنەوەی هەڵبژاردەی عێراق لە ڤێتنام، هەڵبژاردەکە مێژوویەکی گەورەی تۆمارکرد و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا لە قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیادا، سێ یاریی لەسەریەک بباتەوە و بە 9 خاڵ گەیشتە قۆناخی 16ـی جامی ئاسیا.