ئەیمەن حوسێن ریکۆردێکی مێژوویی یونس مەحموودی شکاند

24-01-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئەیمەن حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەیمەن حوسێن، هێرشبەر و گۆڵکاری هەڵبژاردەی لە جامی ئاسیادا دەدرەوشێتەوە و یاری بە ئامارەکان دەکات.
 
هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق، لە جامی ئاسیادا، وەڵامی هەموو ئەو رەخنە و گاڵتەپێکردنە دەداتەوە، کە بەر لە دەستپێکردنی رکابەرییەکانی جامی ئاسیا بە یاریزانەکە دەکرا، بەهۆی بانگهێشتکردنی بۆ رکابەرییەکانی جامی ئاسیا.
 
ئەیمەن حوسێن، لە 3 یاریی قۆناخی یەکەمی جامی ئاسیادا، بە تۆمارکردنی 5 گۆڵ، سەرکردایەتیی هەڵبژاردەی عێراقی کرد، بۆ ئەوەی تیپەکە بەیەکەمی کۆمەڵەکەیان بگاتە قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکە.
 
ئەوەی هەمووان لە رەخنەگرتن لەو یاریزانە پەشیمانکردەوە، یارییەکەی بەرامبەر ژاپۆن بوو، کاتێک هێرشبەری یانەی قوە جەوییە دوو گۆڵی بەلێدانی سەر تۆمارکرد، کۆتایی بە چاوەڕوانیی 42 ساڵەی عێراقییەکان هێنا بۆ بردنەوە لە ژاپۆن.
 
لە سێ گەڕی یەکەمی جامی ئاسیادا، ئەیمەن حوسێن چەند ریکۆردێکی تۆمارکرد، کە پێشتر هیچ یاریزانێکی هەڵبژاردەی عێراق ئەو ریکۆردەی تۆمار نەکردووە.
 
ئەیمەن حوسێن، یەکەم یاریزانە لە مێژووی تۆپی پێی عێراقدا، لە سێ گەڕی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیادا گۆڵ تۆماربکات.
 
ئەیمەن حوسێن، یەکەم یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقە، لە مێژووی جامی ئاسیادا، لە یەک وەشاندا 5 گۆڵ تۆماربکات، بەمەش ریکۆردی یونس مەحموودی شکاند، کە لە ساڵی 2007 لە جامی ئاسیادا 4 گۆڵی تۆمارکرد و بووە گۆڵکار.
 
ئەیمەن، ئێستا لە 3 یارییدا لەگەڵ ئەوەی لە یارییەکەی بەرامبەر ڤێتنام لێدانێکی سزای لەدەستدا، بەڵام بە تۆمارکردنی 5 گۆڵ پێشەنگی ریزبەندی گۆڵکارانی جامی ئاسیای گرتووە.
 
دوای بردنەوەکەیان لە ڤێتنام و بەدەستهێنانی سێیەم سەرکەوتنی لەسەریەک لە جامی ئاسیادا، ئەیمەن حوسێن گوتی "ئێمە لە یارییەکەدا چەند هەڵەیەکی بچووکمان کرد، بەڵام گرنگترین شت بەلای منەوە بردنەوەیە، بەڕاستی یارییەکی زەحمەت بوو."
 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە