ئەمشەو ئەرکی بارسێلۆنا لەنێو سان مامێسدا زەحمەتە

رووداو دیجیتاڵ

 

بارسێلۆنا کە خاوەنی ژمارەی پێوانەییە لە بەدەستهێنانی جامی شای ئیسپانیا، ئەمشەو لە یارییەکی یەکلاکەرەوە، لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا، لەسەر یاریگەی سان مامێس دەبێتە میوانی ئاتلێتیک بیلباو، کە لە دوای بارسا زۆرترین نازناوی ئەم پاڵەوانێتییەی بردووەتەوە.
 
بارسێلۆنا 31 جار نازناوەکەی بەدەستهێناوە، زۆر لەپێش بیلباوە کە خاوەنی 23 نازناوە. ریال مەدرید 20 نازناوی هەیە، و ئاتلێتیکۆ مەدریدیش 10 جار ئەو جامەی بەرزکردووەتەوە.
 
لەبەر ئەوەی لەم قۆناخەدا یەک یاریی یەکلاکەرەوە ئەنجام دەدرێت، ئەرکی بارسا زەحمەتە بەرامبەر یانەیەک کە هەمیشە لەنێو یاریگەی خۆیدا ئاستێکی بەرز پێشکێش دەکات و زۆر زەحمەتە هیچ تیپێک، ناوی هەرچییەک بێت بە ئاسانی و بە سەرکەوتن لێی بچێتە دەرەوە.
 
بەڵام چاڤی و یاریزانەکانی باش لە گرنگی ئەم یارییە تێدەگەن و ئەو راستییە باش دەزانن کە بردنەوەی ئەم یارییە جگە لەوەی گەیشتنە بە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە، پاڵنەرێکی زۆر باشیشە بۆ ئەوەی یاریزانانی یانەکە لە دۆخێکی دەروونی خراپ و لە ژێر گوشارێکی زۆر دەربێنن، کە بەمدواییە یانەکە تێیکەوتووە و بەهۆیەوە ئاست و ئەنجامەکانی بە دڵی هاندەرە کەتەلۆنییەکان نین.
 
گەڕانەوەی جواو کانسێلۆ دەکرێت چەکێک بێت بەدەستی چاڤییەوە بۆ ئەوەی پێکهاتەکەی پێ رێکبخاتەوە و جارێکی دیکە هێزێک بە هێڵی هێرشبردن بداتەوە، ئەویش لە رێگەی بەردەوام چوونە پێشەوەی کانسێلۆ لە باڵەکانەوە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێرنێستۆ ڤالڤێردی، راهێنەری پێشووی بارسا، ئاتلێتیک بیلباوی کردووەتە تیپێکی بەهێز و ئێستا پلەی پێنجەمی لە ریزبەندیی لالیگادا گرتووە، کە ئەگەرچی هەفتەی رابردوو بە ڤالێنسیا دۆرا، بەڵام دەکرێت ڤالڤێردی ئەم یارییە بەکاربهێنێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو دۆڕانە چاوەڕواننەکراوەی.
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، دانی بەوەدانا کە ئەرکیان زەحمەتە و گوتی "لەم یارییەدا دۆخەکە ناجێگیر دەبێت، یەکێک لەو دوو تیپە دەردەکرێت. رکابەرییەکە یەکلاکەرەوەیە و دەبێت بە تەواوی سەرنجت لەسەر بێت. دەبێت بەباشترین شێوە رکابەری بکەین. ئێمە نازناوێکمان هەیە کە یاری بۆ دەکەین، ئەویش جامی شایە".
 
ئەو هەروەها گوتی "لەم یارییەدا کاتێکی کەمترمان دەبێت بۆ بیرکردنەوە لە کۆنترۆلکردنی تۆپەکە، ئەوان هەوڵدەدەن گوشارت لەسەر دروست بکەن، بەتایبەتی لە خولەکەکانی یەکەمی یارییەکەدا، و زۆر باش ئەو کارە دەکەن، ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەرێکی نایاب و سەرنجڕاکێشە، لێرە رێزێکی زۆری لێدەگیرێت، یەکێکە لە باشترین راهێنەرەکان لە ئیسپانیا. ئەوان کارەکان زۆر باش ئەنجام دەدەن، بە چڕی و بەچوونەپێشەوە، هەروەها لەنێو یاریگەی خۆیاندا یاری دەکەن. سان مامێس شوێنێکی نایاب و ناوازەیە. جەنگێک چاوەڕێمانە".
 
راهێنەری بارسا، زیاتر گوتی "بە بیرکردنەوە و بە دەنگێکی بەرزەوە دەتوانم بڵێم باری جەستەیی تیپەکەمان زۆر باشە، یاریزانەکانمان متمانەیان بەو کارە هەیە کە دەیکەین، ئەوان تا کۆتایی بە بوێری و عەقڵیەتی بردنەوە تێدەکۆشن".