کاپێلۆ رەخنە لە چاڤی دەگرێت و باشترین راهێنەری جیهان دەستنیشان دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
فابیۆ کاپێلۆ، راهێنەری ئیتاڵی پێشووی پێشووی یانەی ریال مەدرید، لە هەڤپەیڤینێکدا باشترین راهێنەری جیهان دیاری دەکات و رەخنەی تووند لە چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دەگرێت.
 
کاپێلۆ لەبارەی کارلۆ ئەنچێلۆتییەوە دەڵێت "ئەنچێلۆتی ژمارە یەکە لە جیهاندا. ئەو لە ئەڵمانیا، ئینگلتەرا و ئیتاڵیا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بابەتەکەش تەنیا بردنەوە نییە بەڵکو ئەو پەڕجوو دەخولقێنێت، من هەرگیز باوەڕم نەدەکرد بەو تیپەی لەبەردەستیدابوو بتوانێت نازناو بەدەستبهێنیت."
 
لەبارەی کارلۆوە زیاتر دەڵێت "ئەو زیرەکە، سیستمی یاریکردنی نییە و بەگوێرەی ئەو یاریزانانەی لەبەردەستیدایە یاری دەکات، خۆگونجاندن هێمای بیرمەندییە."
 
دواتر کاپێلۆ باسی ئەو راهێنەرانە دەکات کە هەموو یارییەک بە یەک پلانەوە یاری دەکەن و شێوازی خۆیان ناگۆڕن، ئەو دەڵێت "هەندێک راهێنەر دەڵێن 'تۆ دەبێت بەم شێوەیە یاری بکەیت.' نەخێر، تۆ ناتوانیت هەموو کاتێک بە یەک شێواز یاری بکەیت، یەکێک لە گرنگترین شتەکان ئەوەیە بزانیت بەرامبەر کێ یاری دەکەیت و چۆن رووبەڕوویان دەبیتەوە، بزانیت لە کوێدا باشن و لە کوێدا لاوازن."
 
پاشان راهێنەرە ئیتاڵییەکە رەخنەی توند لە پلانەکانی چاڤی دەگرێت کە بۆ دوایین یارییان بەرامبەر ریال مەدرید بەکاری هێنابوون، ئەو دەڵێت "سەیری دوایین کلاسیکۆی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا بکە. تۆ دەزانیت ریال مەدرید خاوەنی هێرشبەری زۆر خێران و کواڵێتی بەرزیان هەیە، کەچی تۆ دەچیت هێڵی بەرگریت لە ناوەڕاستی یاریگە دادەنێیت (بە هێڵی بەرگری بەرز یاری دەکەیت)، لەو کاتەدا ئەنچێلۆتی دەبێت گوتبێتی زۆر سوپاس." 
 
راهێنەرەکەی پێشووی ریال مەدرید، خراپی ئاستی ئەم وەرزەی لیڤاندۆڤسکی وەک یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو رەخنانە دادەنێت کە رووبەڕووی چاڤی دەکرێنەوە، دەڵێت "پێموایە لیڤاندۆڤسکی کەمێک چاڤی بێهیوا کردووە، ئەو هەمان یاریزانی ساڵی رابردوو نییە. ئێستا تەنیا چەند هێرشبەرێکی کەم هەن کە هەموو ساڵێک بەرەوپێش بچن یەکێک لەوانە هالاندە، چونکە ئەو یاریزانێکی لاوە، بەڵام لیڤاندۆڤسکی ئەم وەرزە نەیتوانیوە ئەو ئاستە پێشکێش بکات کە ئێمە لێمان چاوەڕێ دەکرد. ئەوەش کێشەیە."
 
لەبارەی دۆسێی نێگرێراوە کە تێیدا یانەی بارسێلۆنا تۆمەتبارکراوە بەگەندەڵی وەرزشی و بەرتیلدان بە خۆزێ ماریا ئینریکێز نێگرێرا ی جێگری پێشووی سەرۆکی ناوبژیوانانی ئیسپانیا، کاپێلۆ دەڵێت "ئەوە سکانداڵە، من لە کەسیان تێناگەم. ئەگەر تۆ سەرۆکی بارسێلۆنا بیت، دەزانیت ئەوە کارێکی راست نییە کە پارە بە جێگری سەرۆکی ناوبژیوانان بدەیت. ئەگەر تۆش جێگری سەرۆکی ناوبژیوانان بیت و ئەو پارەیە وەربگریت، ئەوە تەنانەت کارێکی خراپترە."