زانیاری نوێ لەسەر دزەپێکردنی تۆمارە دەنگییەکانی سیستمی ڤار لە یاریی ریال و ئەلمێریادا

24-01-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ریال مەدرید ئەلمێریا ڤار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، بەفەرمی رایگەیاند، سکاڵایەک لای پاسەوانی شارستانی تۆمارکردووە سەبارەت بە دزەپێکردنی تۆمارە دەنگییەکانی سیستمی تەکنەلۆجیای ڤیدیۆیی لە یارییەکەی ریال مەدرید و ئەلمێریا.
 
ریال مەدرید لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە ئەلمێریای بردەوە، لە یارییەکدا کە بڕیارەکانی ناوبژیوانانی یارییەکە مشتومڕێکی گەورەیان نایەوە. 
 
کلیپێکی دەنگی ناوبژیوانانی ژووری ڤار لەگەڵ ناوبژیوانی یارییەکە دزەپێکرا، کە تیایدا یاریزانانی ئەلمێریا داوای دەرکردنی ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرەی بەرازیلیی ریال مەدریدیان دەکرد، بەهۆی هێرشکردنە سەر یاریزانی تیپی ئەندەلووسی، ئەلیخاندرۆ پۆزۆ.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، لە بەیاننامەکەیدا رایگەیاندووە "فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا سکاڵایەکی ئاراستەی پاسەوانی شارستانی کرد، دوای ئەوەی هەندێک تۆماری دەنگی لە سیستمی تەکنەلۆژیای ڤیدیۆیی دزەپێکرا، کە بەشێوەیەکی تەواو پیشەیی و تایبەتن، و پەیوەندییان بە یاریی نێوان ریال مەدرید و ئەلمێریاوە هەیە لە لالیگادا".
 
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە "فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، کە لە لێکۆڵینەوەکانی بەردەوامە و دۆسییەکە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە، زۆر بە مەترسیدار دەزانێت کە ئەم تۆمارە دەنگی و بینراوانە دزەپێبکرێن".
 
فیدراسیۆنەکە، زیاتر دەڵێت "فیدراسیۆنەکەمان هیوادارە بە زووترین کات وەڵامێک بدۆزرێتەوە بۆ روونکردنەوەی بەرپرسیارێتییەکان، جگە لەوەش رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی هەموو لایەک".
 
جیرۆنا پێشەنگی ریزبەندیی خولی ئیسپانیایە، بە کۆکردنەوەی 52 خاڵ و خاڵێک لە پێش ریال مەدریدی دووەمەوەیە، کە ئەمەی دوایی یارییەکی کەمتر کردووە، بارسێلۆناش بە کۆکردنەوەی 44 خاڵ پلەی سێیەمی گرتووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە