شێرکۆ کەریم داوای 250 ملیۆن دینار لە یانەیەک دەکات

24-01-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن شێرکۆ کەریم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی عێراق، تاوەکو ئێستا بڕیاریی کۆتایی نەداوە، کە پەیوەندی بە کام یانەوە دەکات.
 
شێرکۆ گرێبەستەکەی لەلایەن یانەی کوێتی کوێتییەوە هەڵوەشێنرایەوە، هەرچەند یاریزانەکە بە رووداوی گوتبوو " کە بەهۆی بەشداریکردنی بووە لە جامی کەنداودا"، بەڵام بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانە کوێتییەکە رەتیدەکاتەوە بەهۆی بەشداریکردنی بووبێت لە پاڵەوانێتییەکەدا، بەڵکو بەهۆی خراپی ئاستییەوە گرێبەستی شێرکۆیان هەڵوەشاندووەتەوە."
 
یانەی هەولێر ماوەیەکی زۆرە گفتوگۆ لەگەڵ یاریزانەکە دەکات، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە یانەکە و لە خولی عێراقدا هاوکاریی هەولێر بکات، بەڵام بەهۆی زۆری داواکاریی یاریزانەکە زەحمەتە گرێبەستەکە بکرێت.
 
وەلید عارەب، سەرۆکی یانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " زیاتر لە 4 بۆ 5 جار قسەم لەگەڵ شێرکۆ کەریم کردووە، کە ئەوە یەکەمجارە من وەکو سەرۆکی یانە قسە لەگەڵ یاریزانێک بکەم، ئەو بە ئێمەی گوتبوو دەگەڕێمەوە کوێت بۆ ئەوەی کارەکانم تەواوبکەم و وەڵامتان دەدەمەوە، بەڵام وەڵامەکەی ئەوەیە کە داوای 250 ملیۆن دینار دەکات و ئەمەش بۆ ئێمە زۆر زۆرە."
 
سەرۆکی یانەی هەولێر زیاتر گوتی " ئێمە شێرکۆ کەریممان خۆشدەوێت و وەک کوڕی یانەکە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین، بەڵام داواکارییەکەی بۆ ئێمە زۆرە و زەحمەتە بتوانین بەو بڕە پارەیە گرێبەستی لەگەڵدا واژۆبکەین."
 
جگە لە شێرکۆ کەریم، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارەی رۆژی چوارشەممە دوو یاریزانی ئەفریقی بگەنە هەولێر بۆ پەیوەندیکردن بە یانەکەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە