نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە هەڵبژاردەی عێراق دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندی هەڵبژاردەی عێراق دەکات، دوای ئەوەی نازناوی جامی کەنداویان بردەوە.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە رۆژی دەستپێکی پاڵەوانێتییەکەدا کە رکابەرییەکانی لە بەسڕە بەڕێوەچوون، لەسەر بانگهێشتی فەرمی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیری عێراق چووە بەسرە و بەشداریی لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکەدا کرد و ئامادەی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و عومان بوو و لەوێ چاوی بە چەندین بەرپرسی ناوچەکە و جیهان کەوت، لەنێویشیاندا جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ( فیفا ).
 
عێراق دوای 13 رۆژ لە میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکە، توانیی بۆ جاری چوارەم لە مێژوویدا نازناوەکە بباتەوە و دوای زیاتر لە 35 ساڵ، ببێتە پاڵەوانی جامی کەنداو.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند رۆژێک لەمەوبەر لە بەغدا، پێشوازیی لە شاندی هەڵبژاردەکە کرد و پیرۆزبایی لێکردن، بەبۆنەی بردنەوەی ئەو نازناوە کە بۆ عێراقییەکان گرنگییەکی زۆری هەیە.
 
ئەمڕۆ یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق سەردانی هەولێر دەکەن و لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لە شاندی هەڵبژاردەکە، دەستەی راهێنەران و یاریزانانی دەکرێت.
 
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراقدا، چوار یاریزانی کورد بەشدارییان لە پاڵەوانێتییەکەدا کرد، ئەوانیش ئاسۆ رۆستەم، شێرکۆ کەریم، رێوان ئەمین و ئالای فازل بوون، بەڵام لە رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆدا بەشێکی یاریزانەکان بەهۆی پەیوەندیکردنیان بە یانەکانیانەوە بەشداری ناکەن.
 
عێراق لە یاریی کۆتایی جامی کەنداودا، بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەرامبەر هەڵبژاردەی عومان بەدەستهێنا و بۆ جاری چوارەم لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی جامی کەنداو.