سەرۆککۆمار پێشوازی لە هەڵبژاردەی عێراق دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی بەغدا پێشوازی لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق کرد و بە بۆنەی بردنەوەی جامی کەنداو پیرۆزبایی لێکردن. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی کۆمار: "سەرۆککۆمار پیرۆزبایی لە یاریزانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی کرد بە بۆنەی سەرکەوتنە مەزنەکەیان؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان جێگەی شانازین بۆ عێراق، چونکە دڵی هەموو عێراقییەکانیان خۆشکرد؛ جەختیشیکردەوە کە ئەوان مێژوویان تۆمارکرد و بوونە سیمبوولی هەموو گەنجێکی عێراقی."
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێنجشەممەی رابردوو، هەڵبژاردەی عێراق لە دوای ساڵی 1988ـەوە جارێکی دیکە نازناوی جامی کەنداوی بردەوە، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ شکستی بە عومان هێنا و بۆ جاری چوارەم لە مێژووییدا بووە پاڵەوان.
 
نووسینگەی سەرۆککۆمار دەڵێت، لەتیف رەشید "ستاییشی هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە لە سەرخستنی پاڵەوانییەکەدا بەشداربوون، لە پارێزگەی بەسرە بە هاووڵاتی، بەرپرس و کارمەندەکانییەوە تا دەگاتە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە هەمووشی گرنگتر جەماوەری عێراقیی مەزن کە رۆڵێکی گەورەیان لەم سەرکەوتنە سەرسامکەرەدا هەبوو." 
 
 
سەرۆککۆمار هەروەها پێزانینی خۆی بۆ خەڵکی بەسرە دەربڕی لە بەرامبەر "پێشكێشکردنی وێنەیەکی جوانی بەخشندەیی لە کاتی میوانداریکردنی برایانی کەنداو"، هیوای خۆیشی دەربڕی کە "ئەم پاڵەوانێتییە ببێتە مایەی کرانەوەی دەرگای خێر بۆ عێراق بۆ ئەوەی میوانداریی چالاکیی وەرزشیی زیاتر بکات."
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە ماوەی سێ دەیەیە بەڕێوەچوونی خولە نێودەوڵەتییەکان لە یاریگەکانی عێراق قەدەخەکراون. جامی کەنداویش، کە یارییەکانی 25ـەمین خولی لە بەسرە کران، لە لایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) دانی پێدا نانرێت. دوای ئەوەی کە لە ساڵی 1990 عێراق لە ماوەی سەرۆکایەتیی سەدام حوسێن هێرشی کردە سەر کوێت، گەمارۆ خرایە سەر یاریگەکانی عێراق. بەهۆی نیگەرانیی ئەمنی و ناسەقامگیریی ئابووریشەوە، قەدەخەکە تەنانەت لە دوای ساڵی 2003ـیش مایەوە. 
 
راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق باس لەوە دەکات، سەرۆککۆمار "جەختی لە پێویستیی بەهێزکردنی پشتیوانیی پێویست بۆ وەرزشی عێراق بە هەموو جۆرەکانییەوە، هەروەها پشتیوانیکردنی گەنجان و بەهرەداران بە تایبەتی کردەوە."
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە یاریزانان، هەروەها عەدنان دەرجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە "سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆککۆمار بەرامبەر بە پێشوازیی گەرم، ئامادەبوونی لە پارێزگەی بەسرە بۆ بەدواداچوونی دۆخی هەڵبژاردەکە، قسەکردنی راستەوخۆ لەگەڵیان و پێشكێشکردنی هەموو پشتیوانییەک بۆیان" دەربڕی.