چاڤی هێرناندێز: ئێمە هێشتا لە رکابەرییەکەداین

رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، هێشتا هیوای بە تیپەکەی هەیە کە رکابەری لەسەر نازناوی لالیگای ئەمساڵ بکات.
 
بارسێلۆنا گەڕایەوە سەر رێچکە سەرکەوتنەکان و سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا، کاتێک لە گەڕی 22ـی لالیگادا بووە میوانی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێش و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لێیبردەوە.
 
چاڤی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە، قسەی بۆ میدیاکان کرد و دڵخۆشیی خۆی بەو سەرکەوتنە نیشاندا کە بە "سەرکەوتنێکی گرنگ" ناویبرد.
 
ئەو سەرەتا لەبارەی یارییەکەوە گوتی "ئێمە بەرامبەرەکەمان زۆر ماندوو کرد و 3 خاڵی گرنگ و یەکلاکەرەوەمان بەدەستهێنا، تیپەکەمان پێویستی بەم سەرکەوتنە بوو، شایستەی سەرکەوتنیش بووین".
 
راهێنەری بارسا هەروەها گوتیشی "لە نیوەی دووەمدا باشتر بووین سەرەڕای ئەوەی لە رووی کۆنترۆڵەوە رووبەڕووی زەحمەتی بووینەوە، بەتایبەتیش لە نیوەی یەکەمدا".
 
ئەو راهێنەرە گەنجە، لە بەردەوامی قسەکانیدا دووپاتیکردەوە کە بردنەوە واتا بەدەستهێنانی متمانەیەکی زۆر و گوتی "دەبێت بەردەوام بین لە متمانەکردن بەوەی ئەنجامی دەدەین".
 
چاڤی هێرناندێز، لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، گوتی "پێویستە بەردەوام بین لە کارکردن، سەرکەوتنێکی گرنگمان بەدەستهێنا، یاریزانەکانمان بە کاتێکی سەختدا تێپەڕدەبن، بەڵام ئێمە هێشتا لە رکابەرییەکەداین، یەک خاڵ دوورین لە ناوچەی گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ، کە رۆژانی دهاتوو بۆ ئێمە گرنگ و بەسوود دەبن".
 
بارسێلۆنا ئێستا خاوەنی 35 خاڵە و لە پلەی پێنجەمی ریزبەندیی لالیگادایە، کە 6 یارییە بەسەریەکەوە لە لالیگادا نادۆڕێت.