عەدنان درجال هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی میوانداریی جامی کەنداو دەدات

رووداو دیجیتال 

ئەمڕۆ یەکشەممە هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق، ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی یارییەکی دۆستانە بەرامبەر هەڵبژاردەی کوێت لە شاری بەسرە دەستپێدەکات و وەزیری لاوان و وەرزشی عێراقیش هەموو هەوڵێکی دەدات بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندیی کەنداوییەکان بۆ ئەوەی مافی میوانداریی جامی کەنداو بە عێراق بدەن..

یارییەکە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لەنێو یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، دوێنێ شاندی هەڵبژاردەی عێراق بەفڕۆکەیەکی تایبەت گەیشتە بەسرە و ئێوارەی ئەمڕۆ تیپەکە یەکەم یەکەی راهێنانی خۆی بەسەرپەرشتی سریچکۆ کاتانیچی راهێنەری سلۆڤینی ئەنجامدەدات.

ئەحمەد کۆچەر، ئەندامی دەستەی کاتەی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "تیپەکەمان لەنێو بارودۆخێکی زۆرباشدایە، هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ ئەوەی میوانداری ئەم یارییە بەجوانترین شێوە بکەین".

عێراق داوای میوانداریکردنی جامی کەنداو لە شاری بەسرە دەکات، هەر بۆیە عەدنان درجالی وەزیری لاوان و وەرزشی عێراق ئێستا لەو شارەیە و ئامادەکاریی دەکەن بۆ پێشوازی لە لیژنەیەکی تایبەت لە شارەزایانی کەنداو، بۆ ئەوەی بتوانن دڵیان رازی بکەن.

کۆچەر روونیکردەوە "ئەو لیژنەیە سەیری فڕۆکەخانە، هۆتێل، رێگەوبان و هەموو شوێنەکانی بەسرە دەکەن، دواتر لە یارییەکەمان بەرامبەر کوێت ئامادە دەبن تا راپۆڕتی خۆیان بنێرن بۆ رێکخەرانی جامی کەنداو، وەزیری وەرزش و لاوان زۆر گەرموگوڕ و بەهیوایە بۆ بەدەستهێنانی پشتگیرییان بۆ عێراق". 

لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقدا، کە تەنیا بە یاریزانەکانی خولی ناوخۆ یارییدەکات و پیشەگەرەکان گەڕاونەتەوە یانەکانیان، تەنیا عەلا عەبدولزەهرە لەم یارییەدا بەهۆی پێکان ناتوانێت یاری بکات، هەروەها شێرکۆ کەریم یاریزانی یانەی هەولێر لە ریزی ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی عێراقە بۆ یارییەکە.